هەولێر - AA
سهرۆكی لقی ههولێری سهندیكای پارێزهرانی كوردستان، پارێزهر ئهیاد كاكهیی رێوشوێنە یاساییەكانی پەیوەیست بە پڕۆسەی دادگاییكردنی شەش تۆمەتبارەكەی هێرشەكەی 16ی ئەم مانگەی هەولێر روون دەكاتەوە.
16ی ئەم مانگە لە هێرشێكدا لە رێستۆرانتی "هوققەباز" لە هەولێر سێ كەس كوژران، كارمەندێكی كۆنسولخانەی توركیا و دوو هاوڵاتی هەرێمی كوردستان، 20ی مانگ ئاسایش رایگەیاند کە چەند كەسێكیان دەستگیركردووە لەنێویاندا كەسێك بەناوی"مەزڵوم داغ" تەمەن 27 ساڵ.
ئێستا لە دوای بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەكانی شەش تۆمەتباری ئەو كردەیە كە بریتی بوو لە كوشتن لە رێگەی دەمانچەی بێدەنگ و بەكارهێنانی ئۆتۆمبیلی ژمارە ساختە، باس لە رێوشوێنە یاساییەكانی دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانە دەكرێت.
لە یاسای بەركاری بەرنگاربوونەوەی تێرۆری ژمارە 3ی ساڵی 2006ی هەرێمی كوردستان بەڕوونی و بەدیایكراوی لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی دووەم باس لە كوشتنی ئەو كەسانە دەكات كە پاراستنی نێودەوڵەتی دەیانگرێتەوە لەگەڵ كارمەندانی فەرمانگە و دەستە و كۆنسولگەری و دامەزراوە و كۆمپانیا و رێكخراوە نێودەوڵەتییە حكوومی و ناحكوومییەكان كراوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەوانەی ئەو تاوانانە ئەنجام دەدەن، یەكلاییكردووەتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو لەم ھەفپەیڤینەیدا لەگەڵ سهرۆكی لقی ههولێری سهندیكای پارێزهرانی كوردستان، پارێزهر ئهیاد كاكهیی چەندین وردەكاریی دادگاییكردنەكە و رێوشوێنە یاساییەكان دەخاتەڕوو.
ئاژانسی ئانادۆڵو: دوای بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتبارانی هێرشەكەی 16ی ئەم مانگەی سەر رێستۆرانی "هوققەباز" لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە كە لەو كردەیەدا كارمەندێكی كۆنسولخانەی توركیا كوژرا لەگەڵ دوو هاوڵاتی هەرێمی كوردستان، ئایا ئەو كەسانە بەپێی چی یاسایەك دادگایی دەكرێن؟
ئەیاد كاكەیی: ئەوەی لە دانپێدانانی تۆمەتباران دەردەكەوێت و ئاشكرابوو كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە لایەن ئاسایشەوە بڵاوكرایەوە ئەوەیە ئەو كردەیەی لە هەولێر لە رێستۆرانتی هوققەباز روویدا دەچێتە خانەی تیرۆرەوە، هەرچەندە ئەمە تایبەتمەندی دیاریكردنی ئەو ماددە و بڕگانەی پێی دادگایی دەكرێن لە تایبەتمەندیی دادگەی لێكۆڵینەوە و دادوەری لێكۆڵینەوەیە، بەڵام بەپێی یاسای تێرۆری هەرێمی كوردستان كە ئەم كردەیە دەیگرێتەوە زۆر بەڕوونی ئاماژەی بۆ دەكات ئەویش ئەوەیە كوشتنی ئەندامانی كۆنسولخانە و باڵیۆزخانەكانی وڵاتانی بیانی بەپێی بڕگەی پێنجی ماددەی دووی یاساكە دەچێتە قاڵبی تێرۆرەوە.
بەداخەوە ئێمە روودانی ئەم كردەیەمان پێناخۆش بوو بەتایبەت لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەتایبەت هەولێر كە بە پایتەختی گەشتیاری دانراوە، ئەو كردە تیرۆریستییانەی لێرە ئەنجامدەدرێن كاریگەریی لەسەر بواری گەشتیاری بەگشتی و لەسەر ئەو پەیوەندییەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەتایبەت لە ترانزێت و هاتوچۆی خەڵكی كە بەپلەی یەكەم خەڵك زەرەرمەند دەبێت.
بۆیە بڕگەی پێنج لە ماددەی دووی یاسای تێرۆری هەرێمی كوردستان زۆر روونە لەوەی ئەم كردەیەی ئەنجامدراوە تێرۆرە و ئەم یاسایە بەسەر ئەو كەسانەدا كە تۆمەتبارن جێبەجێ دەكرێت نەوەك یاسای سزادانی عێراقی.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئاسایشی هەولێر رووداوەكەی بە تیرۆریستی ناوبرد، ئایا ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو یاسای تیرۆرە بەسەر ئەو كەسانەدا جێبەجێ دەكرێت؟
ئەیاد كاكەیی:ئەوەی ئاسایش كردووەیەتی جێی دەستخۆشییە، گرتنی تۆمەتبارەكان گرنگە بۆ ئەوەی خەڵك راستی ئەو رووداوە بزانێت و بۆی روونبێتەوە ئەو تاوانە چۆن و بەچی شێوازێك ئەنجامدراوە، دیارە ئەوەی روویداوە پلانێك بووە و بەرنامەداڕێژ بووە بەپێی قسەی تۆمەتباران و دانپێدانانەكانیان، ئەوەیشی ئاسایش دەیڵێت دیارە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەیە كە بڕیاری داوە ئەو تۆمەتبارانە بەپێی یاسای تێرۆر لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بەردەوام دەبێت تا رەوانەكردنی دۆسییەكە بۆ دادگەی تایبەتمەند كە دادگەی تاوانەكانی هەولێرە بەحوكمی ئەوەی تاوانەكە لە هەولێر روویداوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بەپێی یاسای تێرۆر سزای ئەو كەسانەی تۆمەتەكانییان لەسەردا ساغ دەبێتەوە چۆنە و چییە و ئایا هەموو شەش تۆمەتبارەكە هەمان سزا دەیانگرێتەوە؟
ئەیاد كاكەیی: خۆی یاسای تێرۆری هەرێمی كوردستان ئاشكرایە كە کوشتنی ئەو كەسانەی لە رێستۆرانتەكەی هەولێر كوژران بەرنامە بۆ داڕێژراوبووە، دانپێدانانەكانیش ئەوەی پشتڕاستكردەوە، ئەوی دیكەشیان ئێمە لە یاسای سزادانی عێراق ماددەكانی 47,48,49 مان هەیە كە زۆر بەڕوونی باس لەوە دەكات، چونكە لە یاسای ئێمە چی یاسای تێرۆر و چی یاسای سزادانی عێراق جیاوازی ناكات لەوەی بكەری سەرەكییە لەگەڵ ئەوەی هاوكارییەتی، چونكە لە ئەنجامی ئەم پلانە كوشتنی كەسانێك هەن یان ئەنجامدانی تاوانێكە بۆیە ئەوەی هاوبەشە لە تاوانەكە هەمان سزای بكەر و تۆمەتباری سەرەكیی هەیە، بۆیە هەمووان هەمان سزایان هەیە، هەرچەندە ئەمە دواتر یەكلایی دەبێتەوە، بەنموونە ئەو كەسەی بكەری سەرەكییە و تاوانەكە ئەنجام دەدات ئەگەر دڵنیا نەبێت لە دەرەوە كەسێك لە ئۆتۆمبیلێك هەیە و رزگاری دەكات رەنگە نەتوانێت ئەو كارە بكات، بۆیە یاسای سزادانانی عێراق جیاوازیی نەكردووە.
بەپێی یاسای تێرۆری هەرێمی كوردستان و لە ماددەی دووی-دا بەڕوونی باسی لەوەكردووە كە سزای ئەو كەسانەی ئەم جۆرە تاوانە بكەن ئەوا حوكمی لەسێدارەدانییان بەسەردا دەسەپێنرێت، بۆیە سزاكە دیاریكراوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەی سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت؟
ئەیاد كاكەیی: لە هەرێمی كوردستان ساڵانێكی زۆرە سزای لەسێدارەدان وەستێنراوە، تەنها بەرەو ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێم دەیەوێت پابەند بێت بە هەندێك رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی هەروەها هەرێمی كوردستان دەیەوێت رێز لەو پەیماننامانە بگرێت، بەڵام سزای لەسێدارەدان لە چەندین شوێندا وەكو تیرۆر نەوەستاوە، واتە بۆ هەندێك تاوان سزای لەسێدارەدان وەستێنراوە، بەڵام بۆ هەندێك تاوان هێشتا جێبەجێ دەكرێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بەشێك لەو كەسانەی لە دانپێدانانەكاندا دەردەكەون و تۆمەتبارن بە هێرشەكەی سەر رێستۆانتی "هوققەباز" كەسانی بیانیین، بیانی بوونی ئەمانە چی لە دۆسییەكە دەگۆڕێت؟
ئەیاد كاكەیی: لەبەر ئەوەی تاوانەكە لە هەولێر ئەنجامدراوە بێ گومان دادگاییەكە لە هەولێر دەبێت، بەڵام سەبارەت بە رادەستكردنەوەی تۆمەتباران بۆ وڵاتی خۆیان ئەمە شتێكە پەیوەندیی نێوان هەرێم و توركیاوە، ئیدی ئایا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە یان نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان ئەو داوایە دەكرێت یان نا؟ ئەو كات ئەوە وەزارەتی داد لە رێگەی ئەنجوومەنی دادوەرییەوە رێككارە یاساییەكان بەپێی یاسای "اصول المحاكمات الجزائیە"یەوە دەبێت كە ئەویان باس لە رەوانەكردنەوەی تۆمەتبار دەكات كە بەڕای من ئەوە قۆناغی دووەمە، چونكە لێرە ئەوەی گرنگە دادگاییكردنەكەیە، چونكە بەتەنها كارمەندێكی كۆنسولخانەی توركیا نەكوژراوە، بەڵكو دوو هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانیش كوژراون، كەواتە لە قۆناغی لێكۆڵینەوە هیچ تۆمەتبارێك رەوانەی هیچ وڵاتێك ناكرێتەوە، بەڵكو ئەوانە دادگایی دەكرێن و بەپێی یاساكانی عێراقی و یاسای تێرۆر، بەڵام ئەگەر توركیا داوا بكات ئەوا بەپێی ماددەی 357 تاوەكو ماددەی 361 لە یاسای"اصول المحاكمات الجزائیە" باسی لە رێككارە یاساییەكان كردووە لە نێوان دوو وڵات كە چۆن مامەڵە لەگەڵ تاوانبارێك دەكرێت و رادەستدەكرێت و دادگەی تایبەتمەند كە دادگەی تاوانە بڕیاری لێوەدەدات كە ئەو كەسە رادەستبكرێتەوە یان نا، بۆیە توركیا لەماوەی رابردوو چەندین كەسی دیكەی داواكردووە و داواكردنەوەكەی لە رێگەی ئەنجوومەنی دادوەرییەوە بووە و پارێزەری تۆمەتبارەكەش ئامادەدەبێت و ئەو كاتە كە ئەو وڵاتە داوای دەكات بەتایبەت كە تاوانەكە لە توركیا ئەنجامدراوە ئەوا ئەو دادگەی تاوانە كە دادگەی تایبەتمەندە یەكلایی دەكاتەوە و هیچ بڕیارێك بۆ تانە لێدان لە بڕیاری ئەو دادگەیە بە ناردنەوە یان نەناردنەوە نییە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەم جۆرە كەیسانە بەگشتی لە بەغدا دەبێت دادگایی ئەو تۆمەتبارانەی دەستگیركراون بكرێت یان لە هەولێر؟ وردەكاریی ئەمە چۆنە؟
ئەیاد كاكەیی: ئێمە لەبەر ئەوەی بەپێی دەستووری عێراق هەرێمێكی فیدڕاڵیین و دان بەهەموو دامەزراوەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەریی ئێمە نراوە، بۆیە هەرێمێكی دانپێنراویین و شاندەكانیشمان لە توركیا و لە شوێنی دیكە وەكو هەرێمێكی دانپێدانراون و ئێمە لە رووی یاساییەوە هیچ كێشەیەكمان نییە و ئەگەر شتێك لە بەغداش هەبێت ئەوا هەر ئەو دۆسییە لە هەولێر یەكلایی دەكرێتەوە، چونكە دادگەی هەولێر تایبەتمەندە بۆ یەكلاییكردنەوەی دادگاییكردنەكە، ئەوە سەرباری ئەوەی شانۆی تاوانەكە لە هەولێرە و پسپۆڕیی مەكانییمان هەیە و بەمپێیە لە هەولێر ئەو پرسە دەكرێت، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی عێراقیش سووربێت لەسەر گواستنەوەی رادەستكردنی تاوانباران و لە بەغدا بێت ئەوا یاسا رێگر نییە لەو پرسە.
news_share_descriptionsubscription_contact

