Betül Yürük
27 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 28 کانوونی دووەم 2022
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن رایگەیاند کە ئاواتەخوازن لە مانگی شوباتی داهاتوودا، گەڕی حەوتەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سووریا لە شاری جنێڤ رۆژئاوای سویسرا رێکبخرێت.
گێیر ئۆتۆ پێدەرسن لە میانی لێدوانێکیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد کە لە میانی ئەم مانگەدا، کۆمەڵێک رووداوی نیگەران بەخش روویانداوە وەک ئەنجامدانی چەند بۆردومانێک بۆسەر شاری ئیدلب کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی مەدەنی و هێرشەکانی سەر بەندینخانەی پیشەسازیی لە حەسەکە.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن دانی بەوەش دانا کە کارەکانی لیژنەی دەستووری سووریا، تا ئێستا بێهیواکەر بوون، بەڵام دوای راوێژکردنیان بە هەموو لایەنەکان، پلان وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەکانی لیژنەکە لە شاری جنێڤ دەست پێ بکەنەوە، گوتیشی: "پرسیارەکانی من بۆ هەموو لایەنەکان هەمان پرسیارە، ئەویش ئەوەیە کە چ داواکارییەکیان هەیە و چی دەخەنە بەردەم لایەنی بەرامبەر؟ هەروەها بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە هەر بیرۆکەیەکی نوێ لە بارەی بەندکراوەکان، بێسەروشوێنەکان، هاوکارییە مرۆییەکان، جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٥٨٥ی ئەنجوومەنی ئاسیاش، گەڕانەوەی پەنابەران بۆسەر زێدی خۆیان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەرەفمەندانە، دەکەین".
گێیر ئۆتۆ پێدەرسن لە دوای لێدوانەکەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش، روونکردنەوەی بۆ رۆژنامەنووسان دا و گوتی: "هیچ لایەنێک ناتوانێت ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان دیاریی بکات، نە حکوومەتی سووریا، نە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، نە تورکیا، نە رووسیا، نە ئێران، نە ئەمریکا و وڵاتە عەرەبییەکان. بەرەوپێشبردنی قۆناغەکە پێویستی بە شێوازێکی نوێی هەماهەنگیی هەیە".
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی سووریا، گێیر ئۆتۆ پێدەرسن هیواشی خواست گەڕی حەوتەمی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستوور لە مانگی شوباتی داهاتوودا لە جنێڤ بەڕێوەبچێت.