Sarmand Hameed
19 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2017
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە کردەوە تیرۆریستییەکان لەسەرانسەری جیهاندا لەساڵی ٢٠١٦ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ بەڕێژەی ٩ لەسەدا کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و هاوکات ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە کوژراون بەڕژەی ١٣ لەسەدا کەمی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی تیرۆر لە سەرانسەری جیهان ئەوەی خستۆتە روو کە وێڕای ئەوەی ١٠٤ وڵات لەسەرانسەری جیهان کراونەتە ئامانجی تیرۆریستان، هاوکات لەسەدا ٥٥ی ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی لەساڵی ٢٠١٦ روویانداوە لە پێنج وڵات چڕبوونەتەوە کە ئەوانیش بریتین لە عێراق، ئەفغانستان، هیند، پاکستان و فلیپین.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە روو لەسەدا ٧٥ی ئەو کەسانەی بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە کوژراون لە وڵاتەکانی عێراق، ئەفغانستان، سووریا، نێجیریا و پاکستان بووە.
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا باس لەوە کراوە کە وێڕای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەرووی هەڕەشە تیرۆریستییەکانە لە ساڵی ٢٠١٦ لە ڕیگەی ئاراستەکردن و ناردنی باند و تۆڕی تیرۆریستیی و تاکە کەسی بۆ ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی لە سەرانسەری جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرەتای هەمان ساڵدا لە ناوچەیەکی فراون وەدەرنرا کە لەژێر دەستی دابوو.
لە راپۆرتەکەدا کە لە ٤٤٥ لاپەڕە پێکهاتووە ئەوەش خراوەتە روو کە هێرشەکانی داعش لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ دابەزینی بەخۆیەوە بینی ئەوەش بەهۆی کردە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کە دژ بە داعش ئەنجامدراون.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "ئێران تاکو ئێستا وەک وڵاتێکی پاڵپشتی کار لە تیرۆر و گرووپە تیرۆریستییەکان لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لە سەروویانەوە حزبوڵڵا".
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەش خراوەتە روو کە"وێڕای چڕکردنەوەی سزا و سەپاندی یاسا لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێران، بەڵام هێشتا ئەو وڵاتە هەڕەشەیە بۆسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی".
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە "ئێران بەردەوامە لە بەسەربازکردنی شەڕکەرەکان لە ناوچەکە و بەشداریکرنیان لە ململانێکانی سووریا و عێراق و هەروەها خستنەرووی کارئاسانی بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان ناونووس بکەن تاکو پێدانی رەگەزنامە".
بەپێی یاسای ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ساڵاتە راپۆرتێک لەبارەی دۆخی تیرۆر لە جیهان بۆ ساڵی رابردوو ئامادە دەکات بە ئامانجی پێشکەش کردنی بە کۆنگرێس.