١٧هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی عیزەتبەگۆڤیچ
لە ١٧هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی عالیا عیزەتبەگۆڤیچ-دا، لەسەر گۆڕەکەی نزا کرا.
Bosnia and Herzegovina
ساراییڤۆ - AA
لە ١٧هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی یەکەم سەرکۆماری بۆسنە و هەرسکی سەربەخۆ، عالیا عیزەتبەگۆڤیچ-دا، لەسەر گۆڕەکەی لە ساراییڤۆ-ی پایتەخت نزا کرا.
بە هۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە، رێوڕەسمی یادكردنهوهكه بەشێوەیەکی سنووردار بەڕێوەچوو.
سەرۆکی ئهنجوومهنی سەرۆکایەتی دەوڵەتی بۆسنە و هەرسک، سەفیک دزافیرۆڤیج، لەو ساڵیادەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و، تیایدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عالیا لە پاڵ ئەوەی پیاوێکی سەرکەوتووی دەوڵەت بوو، هاوکات نووسەرێک و بیرمەندێکی باش بوو.
دزافیرۆڤیج دووپاتی کردەوە کە عالیا کەسێکی بیرمەند بووە و، رایگەیاند: ''پەیوەست بوو بە بەها مۆدێرنەکانی جیهانی دیموکراسی، ئازادی، زانست و پەروەردەوە. هیچ کات بۆسنە و ناسنامەی موسوڵمانی پشتگوێ نەدەخست''.
ههروهها باسی لەوە کرد کە کتێب و بۆچوونەکانی عالیا ئەمڕۆ لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا دەخوێنرێن، لەبەرئەوە ئەو سەرکردە بۆسنەییە هیچ کات لەبیر ناکرێت.
هەر لە یادی کۆچی دوایی عالیا عیزەتبەگۆڤیچ-دا ئێوارەی ئەمڕۆ لە مۆزەخانەیەک کە ناوی خۆی لێنراوە نمایشی وێنە و بەرنامەی یادەوەری رێکدەخرێت.
عالیا عیزەتبەگۆڤیچ، لە هەشتی ئابی ١٩٢٥دا، لە شاری بۆسانسکی ساماک لە دایکبووە و لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣دا لە ساراییڤۆ کۆچی دوایی کرد.