ھەولێر
بەرپرسی سەنتەری پەنا بۆ پشتیوانی لە تووشبووان بە شێرپەنجە لەکوردستان دەڵێت ئافرەتان بەھۆی شەرمکردنەوە؛ شێرپەنجە دەیانکوژێت.
شەوێک بەر لە بڕینەوەی مەمکی چەپی بەھۆی شێرپەنجەوە، گوڵالە بۆ ھەتاھەتایە خواحافیزی لەو مەمکەی دەکات بە تەواوەتی خەم دایدەگرێت. رووداوەکە زیاتر ھانی دا سەنتەری پەنا بۆ پشتیوانی تووشبووان بە شێرپەنجە لەکوردستان دابمەزرێنێت کە بەبێ ھیچ بەرامبەرێک لەرێگەی تەلەفۆن و سەردان و کۆڕەکانەوە بەردەوام ھۆشیاریی دەداتە ژنانی کوردستان و پشکنینیان بۆ دەکات، دەڵێت لەبەر شەرم کردن و نا ھۆشیاری شێرپەنجەی مەمک ژیان لە ژنانی کوردستان دەسەنێتەوە.
گوڵاڵە پشدەری لەم مانگەدا کە تایبەتە بە شێرپەنجەی مەمک لەجیھاندا، ماڵەکەی پڕکردبوو لەو نامیلکانەی بۆ ھۆشیارکردنەوەی ژنان بەبێ بەرامبەر دابەشیان دەکات کە لە نووسینی خۆیەتی.
گوڵالە لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ی شارۆچکەی سەنگەسەری سەر بە قەزای رانیەیە و لە ساڵانی ١٩٧٤ تا ١٩٨٨ لەگەڵ بنەماڵەکەیدا لە ئێران بوون بە پەنابەر، لە ساڵی ١٩٩٢یشەوە لەھۆڵەندا گیرساوەتەوە و لە ٢٠١١ گەڕاوەتەوە کوردستان.
گوڵالە لە ساڵی ٢٠٠٦ پەڵەیەکی قاوەیی لەسەر مەمکی چەپی دەبینێت، پاش ئەوەی پزیشک پێیدەڵێت ئەگزیما حساسیە یە سێ مانگ بەردەوام دەبێت لە خواردنی دەرمان، لەسەرتای ٢٠٠٧یش پزیشکی بنەماڵەکەی راپۆرتێکی ھەڵەی دەدەنێ لەبارەی ئەو پەڵەیەوە گوایە ھیچ مەترسییەکی تووشبوونی بە شێرپەنجە نییە، بەڵام لەدوای سەردانیکردنی پزیشکێکی دیکە لە حەوتی سێپتێمبەر ھەواڵە تاڵەکەی بیست و دڵنیایان کردەوە کە شێرپەنجەی مەمکی ھەیە.
گوڵاڵە سەرباری لەدەستدانی بەشێک لە گیانی دەیگوت: "من ئەوەند نەھامەتیم بینیوە لە ژیان، ’و نەھامەتییانە بەھێزیان کردووە"، ئەو لە پێنجی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٧ پاش بەئاگاھاتنەوەی لە پەنجی نەشتەرگەری، مەمکی چەپی نادۆزێتەوە و بڕیویانە، ئەمەش زۆر نیگەرانی دەکات، ئەو دەڵێت" زۆر جار کە تەماشای ئاوێنەم دەکرد خۆم وەکو پیاو دەھاتە پێش چاو، جلوبەرگەکانم زۆر ناشرین بوون، چونکە مەمکێکم نەبوو، لەکاتی مەلەوانیکردندا زۆر زەحمەتییم بۆ دروست بوو، بۆیە ھەموو ئەمانە زۆر ئەزیەتیاندام."
گوڵالە بەھۆی ئەوەی بەشی تیشکی لە ئێران خوێندووە، ھەروەھا لە ھۆڵەنداش بەشی پەرستاری تەواوکردووە چەندین ساڵ تیشکی بەرکەوتووە، بۆ خۆشی دەڵێت" ئەو تیشکە ھۆکاری تووشبوونم بە شێرپەنجە و ھەروەھا نەزۆرکیەکەشمە". ھەروەھا ھەژاریش بەھۆکار دەزانێت ئەو دوو کارە بکات ، چونکە ناچار بووە کاری زیاتر بکات بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی دابین بکات.
گوڵاڵە کە ئەگەر نەشتەرگەریی نەکردبا و مەمکەکەی نەبڕیبایەتەوە ژیانی لەدەست دەدا، دەڵێت لە ئەمستردام پاش نەشتەرگەرییەکەی ھەمیشە شاڵێکی لەسەر شان بووە، چونکە" مەمکێکم ھەبوو و ئەوی تریشیان ساف بوو ھیچی پێوەنەبوو، زۆر ناشرین بوو". ئەمە پاڵی پێوە نا بۆ ئەوەی مەمکێکی دەستکرد دابنێت، بەڵام ھەر نارەحەت بوو تا دواجار لە ١٩/٥/٢٠١٠ بەشێک لە گۆشتی سکی دەبڕدرێت و مەمکێکی لە گیانی خۆی بۆ دروست دەکرێت.
گوڵاڵە پێی وانییە ئەو مەمکەی ئێستا بۆی دانراوە جێگەی ئەوەی پێشتری بگرێتەوە، دەڵێت" دەبێت ژنانی کوردستان ھۆشیار بکەنەوە لەوەی پشکنینی بەردەوام بکەن، نابێت شەرم بکەن، دەبێت حکومەت کار ئاسانی بکات"، ئەو لەو باوەڕشدایە لەم وڵاتە کەمتر گرنگی بە تەندروستی دەدرێت و دەڵێت ساڵێکە بەدوای ئاماری شێرپەنجەی مەمکەوەیە دەستی ناکەوێت.
گوڵاڵە دەشڵێت لە ساڵی ٢٠٠٧ بە سودفە کچێکی بینیوە کە دوو ساڵ دەبوو گرێیەک لە مەمکی ھەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی شەرمی کردووە بە خێزانەکەی نەگووتووە، دواجار ھەر لەو ساڵە گیانی لەدەستداوە، ئەو پێی وایە ئەو کچانە لە کوردستان گەلێ زۆرن کە شەرم ئەکەن باسی نەخۆشیەکانیان بۆ کەسە نێزیکەکانیان بکەن.
لە ساڵی ٢٠٠٠دا بەسێی خوشکی گولاڵە بە شێرپەنجەی پەنکریاس گیانی لەدەستداوە، دوای ئەویش دەریای کچە پوریشی بە شێرپەنجەی مەمک مردووە، ئەم دوو رووداوە تەواو ترسی لەلای گوڵاڵە بەجێ ھێشتووە و دەڵێت" مەسەلەکە ویراسییە"، ھەر بۆیە لەیەکێک لە قۆناغەکانی ژیانی بڕیار دەدات مەمکی راستیشی ببڕێتەوە، بەڵام دواتر پەشیمان دەبێتەوە.
ئەوەی لەوە ناخۆشترە ئەوەیە لە سەردانێکیشدا بۆ ھۆڵەندا پزیشک پێیانگوتووە شێرپەنجە لە ئێسکدا درک پێدەکرێت.
گوڵاڵە ئێستا بەھۆی سەنتەرەکەیەوە بچێتە ھەر شوێنێک ئامۆژگاری تەندروستی بڵاودەکاتەوە و بە قسەی خۆی لە ساڵۆن یان ماڵان یان لە کۆڕ و لەمیوانداریش لەھەر کوێیەک بێت کار بۆ ھۆشیارکردنەوەی ئافرەتان دەکات تا بەبەردەوامی مەمکیان بپشکنن نەبادا تووشی شێرپەنجە بن، چونکە ئەو پێیوایە ھۆکارێکی سەرەکیی گیان لەدەستدان بەھۆی شێرپەنجەی مەمک لەکوردستان ئەوەیە؛ کاتێک پشکنینەکان دەکرێن کە لە مردن نێزیکبوونەتەوە.
کاک جەلیل پیاوە میھرەبانەکەی گوڵاڵە ھەرچەند بە ویستی خۆیان ھاوسەرگیرییان نەکردووە وەکو گوڵاڵە دەیگوت، بەڵام زۆر یەکتریان خۆش دەوێت، گوڵاڵە دەیگوت چەند جارێک پێیگوتووە ئەو تووشی شێرپەنجە بووە ژنێکی دیکە بھێنێت، بەڵام رەتیکردووەتەوە، گوڵاڵە دەشڵێت: "لەکوڕ و کۆبوونەوە و نەخۆشییەکەشم چرکە بە چرکە لەلامە و یارمەتیی زۆری داوم، لەبیری ناکەم."
گوڵاڵە لە کۆتایی قسەکانیدا ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ ئەوەی ھاوکاریی ژنانی ھەرێم بکات بۆ ئەوەی خۆیان لە شێرپەنجەی مەمک بپارێزن و چەند رۆژێکی دیکەش بەھۆی مانگی نێودەوڵەتی شێرپەنجەی مەمک فیستیڤاڵێک لە ھەولێر رێکدەخات.