ئەدیرنە
لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر سنووری: "کاپی کولە" ی سەر بە پارێزگای ئەدیرنە، وەزیری تەندروستی محەمەد موزیین ئۆغڵو ووەزیری گومرگ حەیاتی یەزیجی و بازرگانی پیرۆزبایی جەژنی قوربانیان لە خەڵکی ناوچەکە کرد.
موزیین ئۆغڵو لەلێدوانێکیدا داوای لە خەڵک کرد خۆیان لە زۆر خواردنی گۆشتی قوربانی بەدوور بگرن.
وەزیری تەندروستی گوتی "پێویستە خەڵک سوود لە گۆشتی قوربانی وەربگرن بەمەرجێک زیادەڕەوی لە خواردنی نەکرێ، چونکە زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ ھەیە، بەتایبەتی لە خوانی ئێوارەدا دەبێ خۆیان لە چەوری بەدوور بگرن، بۆ خوانی بەیانی و نیوەڕۆ دەتوانن بڕێک زیاتر بخۆن، واتە دوای کاتژمێر ٦ بۆ ٧ پێویستە لە چەوری دوور بکەوینەوە."
ھیواشی خواست جەژنی قوربان ببێتە مایەی بەھێز کردنی ئاشتی و برایەتی لەنێو تاکەکانی کۆمەڵدا.
ھەروەھا جەختی کرد، پێویستە ئەوانەی ئاژەڵ سەردەبڕن زۆر گرنگی بە پاک و خاوێنی بدەن، دەستکێشی تەندروستی لەدەست بکەن، چونکە تەنھا برینێک لەدەستدا دەبێتە ھۆی گواستنەوەی میکرۆب بۆ کەسەکە.
سەبارەت بەپاکیی گۆشتی بیانی کە بە بەستوویی دێ وەزیری تەندروستی گوتی: "ئەو گۆشتانەی لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بەستووەوە لە بوڵغاریا و شوێنەکانی ترەوە دەھێنرێن بەھیچ شێوەیەک تەندروست نین و داوا دەکەم خەڵک خۆیان لەگۆشتی بیانی بەدوور بگرن، ئەو جۆرە گۆشتانە ماوەی ٢ بۆ ٣ ڕۆژ دوای سەر بڕینی ئاژەڵەکان دەخرێنە فرێزەرەوە، پاشان بۆ ماوەی ٢ بۆ ٣ کاتژمێریش لە ئۆتۆمبێلدا دەمێننەوە تا دەگەنە شوێنی مەبەست، ئەمەش رەنگە ببێتە ھۆی تێکچوونی گۆشتەکە."