16 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 17 مای,س 2020
نەینەوا ــ AA
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند كە یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلوەنزای باڵندە-ی لە كێڵگەیەكی پەلەوەریی پارێزگای نەینەوا تۆماركردووە.
لەوبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، حەمید نایف راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە كە فەرمانگەی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵ، یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە "H5N8"ی لە یەكێك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە لە پارێزگای نەینەوا تۆماركردووە.
ئاماژە بەوەیشدراوە كەدەستبەجێ دەستكراوە بە جێبەجێكردنی پلانی نیشتمانی و سەرجەم بەرهەمەكانی نێو كێڵگەكە سووتێنراون و لەناوبراون، هەروەها قەدەخەی هاتووچۆیش بۆ كێڵگەكە قەدەغەكرا و باس لەوەشكراوە، ئەو كێڵگە پەلەوەرییەی كە حاڵەتە تووشبوونەكەی بە ئەنفلوەنزای باڵندە-ی تیایدا تۆماركراوە ناوچەیەكی دابڕاوە و هیچ كێڵگەیەكی پەلەوەری دیكە لە دەورووبەرییدا نییە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو كە هەموو رێوشوێنێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە گیراوتەبەر و رایگەیەندراوە كە ئەو نەخۆشییە یەكیكە لە نەخۆشییە گوازراوەكان، كە لە رێگەی باڵندە كۆچەرەكانەوە لە دەرەوەی وڵات دەگوازرێتەوە و ئێستا ئەو پەتایە لە 38 وڵاتی جیهاندا تۆماركراوە.
لە كۆتاییدا داوا لە سەرجەم خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان كراوە كە بە وردی چاودێری رەوشەكە بكەن و لە كاتی گومان كردن بە هەر حاڵەتێكی دیكەی تووشبوون بە ئەنفلوەنزای باڵندە، لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بكەنەوە، بۆ ئەوەی رێكاری پێویست لە پێناو رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاكە بگرنە بەر.