31 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2020
ئه‌نقه‌ره - AA
فڕۆكه سه‌ربازییه فریاگوزارییهكهی هێزه ئاسمانییه‌كانی توركیا به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی توركیا كه له شاری ڤوھان'ی چین ده‌ژین كه په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌و شاره داكه‌وتووه، له فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی ئێتیمهسگوت له ئه‌نقه‌ره‌وه به‌ره‌و چین به‌ڕێ كه‌وت.
فڕۆكه‌ی A400M كه دوێنێ له فه‌رمانده‌یی بنكه‌ی ئاسمانی قه‌یسه‌رییه‌وه چووبووه فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی ئێتیمهسگوت، دوای وه‌رگرتنی سووته‌مه‌نی؛ پۆشاكی پارێزه‌ر، ده‌مامك، كه‌لوپه‌لی میكرۆب كوژ و پێداویستی پزیشكی و خۆراكی لێ باركران. هه‌روه‌ها ئه‌و پێداویستییه سه‌ربازیانه‌ی له‌لایه‌ن تیكا و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیشیه‌وه وه‌ك هاوكاری ئاماده‌كراون بۆ چین خرانه ناو فڕۆكه‌كه.
دواتر تیمه پسپۆڕه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی توركیاش چوونه ناو فڕۆكه‌كه و كاتژمێر ١٢:٠٥ فڕۆكه‌كه به‌ره‌و چین به‌ڕێ كه‌وت.
دوای پشكنینی ته‌ندروستی بۆ ئه‌و ٣٤ هاووڵاتییه‌ی توركیا، حه‌وت ئازه‌ری، حه‌وت گورجستانی و یه‌ك ئهلبانیهی له شاری ووهان ده‌ژین و داوایان كردووه بچنه توركیا، رێگه‌یان پێ ده‌درێت بچنه ناو فڕۆكه‌كه و ده‌گوازرێنه‌وه توركیا.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر ٤٩ كه‌سه‌كه ده‌گوازرێنه‌وه توركیا، ده‌خرێنه ژووری چاودێری چڕی پزیشكی له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌نقه‌ره.