İhsan Muhammet
03 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2017
لە لای چەپی بازاڕی گەورەی شاری ھەولێر پیاوێک لەنێو جەنجاڵیی کامێراکانیدا پتر لە نیوەی تەمەنی بەسەر دەبات و ھۆگری بۆ کامێرا وای لێکردووە بەشێکی زۆری تەمەن و ژیانی خۆی لەگەڵ ئەم جەستە بێ گیانەدا بەسەر ببات و ئەو دەڵێت "خۆشەویستیی بۆ کامێرا بێ وێنەیە".
پێاوێک کە لە کۆتایی چلەکانی تەمەنیدا رووناکی شوێنی کارەکەی تەنھا رووناککەرەوەیەکی بچووکە کە بەلای سەریەوەیە و بەردەوام کامێرایەکی لە دەستە کە بە سوز و نەرم و نیانی لەگەل دەست و پەنجەکانی سەمای چاکبوونەوە دەکەن.
فەیسەل حەسەن قادر لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠یە و لە ساڵی ١٩٩٩سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان بووە بەڵام لە ئێستادا کاری چاککردنەوەی کامێرای روژنامەنووسانی بەرەی جەنگ و ئارەزوومەندانی کاری فۆتۆگرافەری دەکات.
ناوبراو سەبارەت بە دەسپێکی کارەکەی گوتی: "ساڵی ١٩٨٠ خولیکی کامێرامانیم بینی کە لە لایەن چەند مامۆستایەکی عەرب دەوترانەوە کە کامێراکان کامێرای رەش و سپی بوون ھەر لەو کاتەوە من بەردەوام بووم لەسەر کارەکەم تا ساڵی ١٩٨٤ دەستم کرد بە کڕین و فرۆشتنی کامێرای فۆتۆ و کامێرای ڤیدیۆ؛ لە ساڵی ١٩٩١ دەستم کرد بە چاککردنەوەی ئەو کامێرانەی کە لە لایەن رۆژنامەنووسان و ئارەزومەندانی فۆتۆگرافەرییەوە دەھێنرانە لام".
فەیسەل حەسەن قادر گوتیشی: "بە ھۆی زیادبوونی کامێرا لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و نە شارەزایی لە لایەن بەکارھێنەرانیيەوە کامێرا پرۆفیشناڵەکان لە کاردەکەون".
گوتیشی: "فۆتۆگرافەری لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، یەکێک لە ھۆکارەکانیشی بۆ ھێرشی رێکخراوی تیروریستی داعش بۆسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە و لە ئەنجامی فۆتۆگرتن لە بەرەکانی شەڕ وای کردووە کامێرایەکی ئێکجار زۆر لەکار بکەوێت و پێویستی بە چاککردنەوە هەبێت".
فەیسەل لە کوتایی قسەکانی سەبارەت بە کۆمەڵەی وێنەگران گوتی: "لە ساڵی ١٩٩٩ ھەڵبژێردرام بە سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان بۆ ماوەی ٨ ساڵ بەردەوام بووم".
فەیسەل حەسەن قادر ھۆکاری دەست لە کارکێشانەوەی لە سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان ئاشکرا نەکرد.