Aram Bakhtiar
19 ئەیلوول 2015•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2015
خانەقین
كۆمەڵێك گەنج لە قەزای خانەقین كەنالێك دادەمەزرێنن وپەخشی بەرنامەكانی لەسەر یوتیوب دەبێت. ئەم بیرۆكەیەش بۆ یەكەم جارە لەسەر ئاستی عێراق جێبەجێ دەكرێت. پێشتر ئەم بیرۆكەیە لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا جێبەجێ كراوە و بینەرێكی زۆری هەبووە. بەرنامەكانی كەناڵەكە بەشێوەزاری كەلهوڕی پەخش دەكرێت. ئەم زاراوەیەش زۆربەی دانیشتوانی خانەقین و مەندەلی تا دەگاتە كرماشان و ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستان قسەی پێ دەكرێت. كەناڵە ناوی "هەلەبان"ە و دەستنیشانكردنی نێوەكەش دانانی ئەم ناوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وشەكە لە زاراوەی كەلهوڕی بەواتای شوێنێكی بەرهەمهێنەر دێت كە لە سەردەمی میدییەكان و لۆلۆییەكان بەم ناوەوە ناوچەی خانەقین دەناسرا. دامەزراندنی كەناڵێك كە پەخشەكەی لەسەر یوتیوب بێت بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، دەتوانرێت بیرۆكەكە بەچەند كارمەندێكی كەم بەڕێوە ببردێت هەروەها تێچووی لە رووی مادییەوە كەمە. قەیرانی دارایی لە عێراقیش هۆكارێكە كە نەتوانرێت كەناڵێكی ئاسمانی بەشێوەزاری كەڵهوڕی دابمەزرێت بۆیە لە سەر یوتیوب دادەنرێت. كەناڵی هەلەبان شەش كەس بەشێوەیەكی خۆبەخشانە سەرپەرشتی دەكەن و هەتا ئێستاش شوێنی تایبەت بە خۆیان نییە.
سەرپەرشتیاری كەناڵەكە حەسەن ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەك ژمارەیەك گەنجی قەزای خانەقین هەستاین بەكردنەوەی كەناڵێك بە زاراوەی كەلهوڕی لە قەزای خانەقین ناوی كەناڵەشمان بە هەلەبان دانا. دامەزراندنی ئەم كەناڵە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چونكە كەناڵێكی ئاسمانی یان لۆكاڵی لەم قەزایەدا بوونی نییە كە بەزاراوەی كەلهوڕی بێت. لە ئێستادا ئێمە هیچ بارەگایەكمان نییە بەڵام بە سوپاسەوە رادیۆی دەنگی كوردستان لە خانەقین ژوورێكی بۆمان دابین كردووە بۆ ئەوەی بتوانین بەرنامەكانمان بەرهەم بهێنین".
حەسەن ئیسماعیل گوتیشی :"كەناڵی هەلەبان تاكە كەناڵە لەسەر ئاستی عێراق كە ستافێكی تەواوی هەیە و بەرنامەكانی جۆراوجۆرە و لەسەر یوتیوب پەخش دەكرێت. هەروەها ئەم بیرۆكەیە تا ئێستاش لە هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ نەكراوە كە كەناڵێك پەخشی بەرنامەكانی لەسەر یوتیوب بێت. هۆكارێكی تری كردنەوەی ئەم كەناڵە ئەوەیە كە هەتا ئێستا بەرنامەیەكی درێژخایەن لەهیچ كەناڵێكی عێراقی بە شێوەزاری كەلهوڕی نەبووە كە تێیدا باس لە گرنگی قەزای خانەقین بكات چونكە خانەقین تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە لە رووی زاراوەییەوە كە زاراوەی كەلهوڕییە ئەوەش بەشێكە لە زمانی كوردی. لە رووی نەریتەوە كە هەتا رادەیەك خانەقین جیاوازە لە شوێنەكانی تری عێراق".
ناوی هەلەبان لە كاتی خۆیدا ناوی قەزای خانەقین بووە كە میدییەكان و لۆلۆییەكان كە دەبنە باباگەورەی كەلهوڕ و لوڕەكان ئەوكاتە ئەم ناوەیان بۆ خانەقین هەڵبژاردووە. هەلەبان واتا بەرهەمهێنەر، ئەوشوێنەی كەبەردەوام بەرهەمهێنەرە. قەزای خانەقین قەزایەكە بە شوێنی رۆشنبیری و ئەدەب و بەرهەمهێنەر ناسراوە هەر بۆیە ئەم ناوەمان بۆ كەناڵەكەمان هەڵبژارد بۆ ئەوەی بتوانین بەرهەمێكی تازە پێشكەش بكەین. كەناڵی هەلەبان ئێستا لەسەر یوتیوب دەستی بەپەخشی بەرنامەكانی كردووە هەروەها پەیجێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك هەیە و دەتوانرێت لە گۆگڵ لەسەری گەڕان بكرێت بۆ دۆزینەوەی پەخشی كەناڵەكە".
حەسن ئیسماعیل درێژەی دایە و گوتی :"هەتا ئێستا هیچ لایەنێك هاوكاری كەناڵەكەی نەكردووە بەڵام بەسوپاسەوە رۆژنامەنووسان و رۆشنبیرانی خانەقین هاوكاری پەرەپێدانی كەناڵەكەدەكەن".
سەرپەرشتیاری كەناڵی هەلەبان دەڵێت: "داواكارم لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی رۆشنبیری هەموولایەنەكان كە پەیوەندییان بە رۆشنبیری و راگەیاندنەوە هەیە هاوكاریمان بكەن چونكە كەناڵەكەمان بۆ خزمەتكردنی زاراوەی كەلهوڕییە كە یەكێكە لە زاراوەکانی رەسەنی ناوچەی خانەقین و كوردستان بەگشتی".
قەزای خانەقین سەر بە پارێزگای دیالەیە و لە ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی هەرێمە و قەزای خانەقین كەوتووەتە نێوان پارێزگای هەڵەبجە لە باكوورەوە، قەزای مەنەلی و شاخی حەمرین سنووری لە باشووردا دیاری دەكات. رووباری سیروان لە رۆژئاوا و سنووری عێراق و ئێران لە رۆژهەڵاتەوە. دانیشتووانی خانەقین كوردن و بە زاراوەی كەلهوڕی و گۆرانی قسە دەكەن كە هەندێ جار بە هەڵە بە فەیلی ناویان دەبردرێت لە رووی ئایینییەوە موسڵمانن و بەشێكی زۆری شیعە مەزهەبن بەشەكەی دیكەش سوننە. بەشێكیش كاكەیی و سنجاوی. بێجگە لە كورد ژمارەیەكی توركەمان و عەرەب و جوولەكە و مەسیحی و سابئی و مەندائی لە خانەقین دەژین. لەبەر هەمەڕەنگی ئایینی و مەزهەبی پێكهاتەی دانیشتووانەكەی ژمارەیەكی زۆری حوسەینیەی شیعە و مزگەوتی سوننەی تێدایە كڵێسایەكی مەسیحی تێدایە، سیناگوگی جوولەكەكانیشی تێدابوو بەڵام لە ساڵانی دوای دامەزراندنی ئیسرائیل و دەركردنی جوولەكەكان لە ناوچەکە رووخێنرا. هەبوونی رووباری ئەڵوەن كە بەم ناوچەیەدا دەڕوات، رۆڵێكی دیاری هەبووە لە ئاوەدانی و پیت و بەرەکەتی خاكەكەی. لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا، ژمارەی دانیشتووانی بە ١٧٥هەزار كەس مەزەندە كراوە بەڵام لە ئەنجامی تەقەلای حكوومەتی بەعسی رووخاو بو گۆڕینی دیمۆگرافیای قەزاكە، راستی ژمارەی دانیشتووانی ئێستای نەزانراوە.
دامەزرێنەرێكی كەناڵی هەلەبان میلاد عادل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "ئێمە لە سەرەتادا زانیاریمان لەسەر زاراوەی كەلهوڕی كۆكردەوە چونكە بڕیارمان دا كەناڵەکە بە شێوەزاری كەلهوڕی بەرنامەكانی پەخش بكات. زاراوەی كەلهوڕی لە كرماشان و ئیلامەوە هەتا دەگاتە خانەقین و بەدرەوجەسان دانیشوانی بەم شێوەزارە قسەدەكەن بەڵام بەداخەوە ئەم زاراوە دێرینەی كوردی لە میدیادا پەراوێز خراوە. بۆیە دەمانەوێ لە رێگەی ئەم كەناڵەوە خەڵكی ئەم سنوورە ئاشنایەتی بە زمانەكەی خۆیان هەبێت و سوودی لێوەر بگرن. ئێستاش سنوورێك دروست بووە لە نێوان زاراوەكە چونكە بەشێكی دەكەوێتە خۆرهەڵاتی كوردستانەوە لە ئێران، ئێمە دەتوانین لە رێگەی ئەم كەناڵەوە ببین بە پردێكی نێوان ئەم زاراوەیەكە لە ئێستادا بەسەر دوو وڵات دابەش بووە. ژمارەی ئەوكەسانەی كەبەم زاراوەیە قسە دەكەن نزیكەی چوار ملیۆن كەسە. ئەمەش رێژەیەكی بەرزە لە ئاست زاراوەكانی دیكە. هەروەها گەنجێكی بەتوانای زۆرمان هەیە دەتوانین لەم رێگەیەوە بیانهێنینە پێشەوە و پەرە بەبوارەكە بدەین".
میلاد عادڵ لە کۆتاییدا گوتیشی: "بەرنامەكانی كەناڵی هەلەبان زیاتر رۆشنبیری دەبێت و هەوڵ دەدەین لە بابەتی سیاسی دوور بكەوینەوە".