Hüseyin Burak Demirer
17 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2022
ئەنقەرە – AA
ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەڕەنسا و گۆڵکاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کەریم بنزیما، خەڵاتی تۆپی ئاڵتوونی (Ballon d'Or ) کە دەدرێتە باشترین یاریزانی تۆپی پێی ساڵ، بەدەستهێنا.
خەڵاتەکە کە لە ساڵی ١٩٥٦وە لەلایەن گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ-ی فەڕەنسییەوە دەبەخشرێت، لە رێورەسمێکدا کە لەلایەن هەریەک لە ساندی هاربێرت و ئەستێرەی پێشووی یانەی گالاتاسارای دیدێه درۆگبا پێشکەش دەکرا، لە شانۆی کاتلێت لە پاریسی پایتەخت بەخشرایە براوەکان.
کاپتنی یانەی ریال مەدرید، کەریم بنزیما-ی تەمەن ٣٤ ساڵان بۆ یەکەمین جار لە ژیانی وەرزشیدا بووە خاوەن "تۆپی ئاڵتوونی".
بنزیما، لە وەرزی رابردوودا لە کۆی ٤٦ یاریدا توانی ٤٤ گۆڵ تۆمار بکات و رۆڵی سەرەکی هەبوو لە بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانێتی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و خولی پلە یەکی تۆپی پێی ئیسپانیا (لالیگا) بۆ یانەکەی.
یاریزانی سەنیگالی سادیۆ مانێ لە پلەی دووەم و ئەستێرەی بەلجیکا کیڤن دی برۆین بە پلەی سێیەم هات.
هاوکات، خەڵاتی باشترین خانمە یاریزانی تۆپی پێ هەروەکو ساڵی رابردوو بەخشرایە ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بارسێلۆنا، ئالێکسی پوتێللاس.
- لیڤاندۆڤسکی بە باشترین هێرشبەری ساڵ هەڵبژێردرا
هەر لە میانی رێورەسمەکەدا خەڵاتی گێرد مولەر کە دەدرێتە باشترین هێرشبەر بۆ جاری دووم لەسەر یەک درایە یاریزانی پێشووی یانەی بایرن میونخ و هێرشبەری ئێستای یانەی بارسێلۆنا، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی.
هاوکات یانەی مانچێستەر ستی بە باشترین یانەی ساڵ هەڵبژێردرا.
لە رێوڕەسمەکەدا، خەڵاتی باشترین یاریزانی خوار تەمەن ٢١ ساڵان درایە یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بارسێلۆنا، گاڤی و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی بەلجیکا و یانەی ریال مەدرید، تیباوت کۆرتوا وەکو باشترین گۆڵپارێز هەڵبژێردرا.