دۆحه-AA
راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، لیۆنێل سکالۆنی رایگەیاند، پلانی یارییەکەیان روون و ئاشکرایە بەرامبەر فەڕەنسا و دەیانەوێت جامه‌كه به‌رنه‌وه.
لیۆنێل سکالۆنی به‌ر له یاریی کۆتایی بەرامبەر فەڕەنسا لە مۆندیالی ٢٠٢٢ی قه‌ته‌ر، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.
سکالۆنی ئاماژەی بەوەدا توانیویانە بەدرێژایی مۆندیال هاندەرەکانیان دڵخۆش بکەن و رایگه‌یاند: "هیوادارم بتوانین جامه‌كه بەدەستبهێنین، ئەوەش شتێکی نایاب دەبێت. ئێمە دەزانین چۆن بەرامبەر فەڕەنسا یاری بکەین، پلانێكی روونی یاری كردنمان هه‌یه. باوەڕم وایە باشترین هاندەرانی جیهانمان هه‌یه. ئەوان پێویستیان بە خۆشی بوو و ئێمەش پێمان بەخشین".
راهێنه‌ری ئه‌رجه‌نتین جەختی لەوە کردەوە، هەردوو هه‌ڵبژارده ژمارەیەکی زۆر یاریزانیان هەیە کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر ئه‌نجامی یارییەکە هەبێت و رایگه‌یاند: "ئەمە یاری نێوان ئەرجەنتین و فەڕەنسایە، نه‌ك هی میسی و مباپێ، هیوادارین یارییەکە لە بەرژەوەندی ئێمە کۆتایی بێت".
لیۆنێل سکالۆنی کە لە مانگی ئابی ٢٠١٨‌دا ده‌ستی به راهێنه‌رایه‌تی ئه‌رجه‌نتین كردووه، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو ماوه‌یه‌ی له‌و ئه‌ركه‌دا ده‌مێنێته‌وه، گوتی: "پێشتر گوتوومە، من لە پێگهیهكدام هەموو ئەرجەنتینییەک پێی خۆشه تیایدا بێت. زۆر دڵخۆشم و چێژ لەو ساتە ناوازانە وەردەگرم کە هەمانبووین لە لێواری یارییه‌كی کۆتایی مۆندیالداین".
سکالۆنی لە وەڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی به چ شێوازێك مباپێ راده‌گرن، رایگه‌یاند: "ئه‌مه كاری هه‌ره‌وه‌زییه و تەنها بۆ مباپێ نییە، فەڕەنسا خاوه‌نی ئەو هه‌ڵبژارده‌یه‌یه، کە مباپێی پەروەردە کردووه و باشتری کردووه، ئەو یەکێکە لە یاریزانە ناوازه‌كان، گەنجە و بەردەوام باشتر دەبێت".
سەبارەت بە پرسی به‌شداریی میسی له دوایین مۆندیالدا له‌گه‌ڵ ئه‌رجه‌نتین، راهێنه‌ره‌كه گوتی: "ئەگەر ئەمە دوایین یاری میسی بێت لەگەڵ ئەرجەنتین، هیوادارین بتوانین جامەکە بەدەست بهێنین. هیچ سیناریۆیەکی جوانتر لە یاری کۆتایی مۆندیال بۆ ئەوەی چێژی لێ وەربگرین، بوونی نییه".