ئیستانبوڵ – AA
لە میانی یارییەکانی هەفتەی ٢١مینی خولی نایابی تۆپی پێی ئینگلتەرا (پرێمیەرلیگ)، یانەی ئارسیناڵ-ی پێشەنگی خولەکە بە ئەنجامی ٣-٢ لە یانەی مانچێستەر یونایتدی بردەوە.
یانەی ئارسیناڵ لە یاریگای ئیمارات میواندارێتی یانەی مانچێستەر یونایتد-ی رکابەری کرد.
مانچێستەر یونایتد، لە خولەکی ١٧ی یارییەکەدا بە گۆڵێکی مارکۆس راشفۆرد پێشەنگی خۆی تۆمار کرد و ئارسیناڵ لە خولەکی ٢٤دا لە رێگەی ئیدوارد نکیتیا گۆڵی یەکسانی تۆمار کرد و نیوەی یەکەمی یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمی یارییەکە و لە خولەکی ٥٣دا بوکایۆ ساکا گۆڵی دووەمی بۆ ئارسیناڵ تۆمار کرد و ئەمجارەیان مانچێستەر یونایتد دوای شەش خولەک لە رێگەی لیساندرۆ مارتینێز یارییەکەی یەکسان کرد و ئەنجامەکەی کردە ٢-٢.
لە کۆتایی یارییکەدا و لە خولەکی ٩٠دا یاریزانی ئارسیناڵ ئیدوارد نکیتیا جارێکی دیکە دەرکەوتەوە و گۆڵی دوومی خۆی و سێیەمی بۆ یانەکەی تۆمار کرد و سێ خاڵی گرنگی بۆ ئارسیناڵ بەدەستهێنا.
ئارسیناڵ، لە دوای ئەم ئەنجامە کۆی خاڵەکانی گەیاندە ٥٠ خاڵ و پێگەی خۆی لە لووتکەی پرێمیەرلیگ پاراست و جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ یانەی مانچێستەر ستیی نزیکترین رکابەری لە پێنج خاڵ هێشتەوە.
هاوکات یانەی مانچێستەر یونایتد بە ٣٩ خاڵ لە پلەی چوارەم مایەوە.