ئيستانبوڵ - AA
دواى كۆتايى هاتنى كاتى ئاسايى و زيادكراوى ياريى جامى سوپەرى ئەورووپى بۆ تۆپى پێ، يانەى چێڵسیی ئينگليزى توانى بەلێدانى يەكلاكەرەوە و بە ئەنجامى ٦-٥ لە يانەى ڤياريالى ئيسپانى بباتەوە.
لەياريى جامى سوپەرى ئەورووپیدا، يانەى چێڵسیی ئينگليزى كە پاڵەوانى چامپيۆنزليگ بوو و يانەى ڤياريالى ئيسپانى كە پاڵەوانى خولى ئەورووپا بوو لە ياريگاى ويندسۆر پارك لە شاری بەلفاست پايتەختى ئێرلەندای باكوور رووبەڕووى يەك بوونەوە.
چێڵسى توانى لە خولەكى ٢٧دا لە رێگەى گۆڵێكى، ياريزان حەكيم زياشى بە رەچەڵەك مەغريبى گۆڵى پێشەنگ تۆمار بكات.
لە نيوەى دووەمى يارييەكە و لە خولەكى ٧٣دا، ياريزانى يانەى ڤياريال، جيرارد مۆرينۆ گۆڵى يەكسانبوونی بۆ يانەكەى تۆماركرد و كاتى ئاسايى يارييەكە بە ئەنجامى ١-١ كۆتايى هات.
لە ماوەى زيادكراوى يارييەكەشدا، هيچ لايەنێك نەيتوانى تۆڕى ركابەرەكەى بهەژێنێت بۆيە يارييەكە چووە قۆناغى لێدانى يەكلاكەرەوە و لێرەدا، يانەى چێڵسى توانى بە ئەنجامى ٦-٥ براوەى يارييەكە بێت و ببێتە پاڵەوانى جامی سوپەرى ئەورووپى.
يانەى چێڵسى لە دواى ساڵى ١٩٩٨وە ئەمە دووەم جارە جامى سوپەرى ئەورووپى دەباتەوە. پێشتر لە ساڵەكانى ٢٠١٢، ٢٠١٣ و ٢٠١٩ لە ياریی كۆتاييدا دۆڕابوو.