Doğa Kırmızıoğlu
26 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکی یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی، پاوڵ نێدڤید رایگەیاند کە ئەستێرەی پورتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تاکو کۆتایی گرێبەستەکەی لە یانەکەدا دەمێنێتەوە.
پاوڵ نێدڤید لە لێدوانێکیدا بۆ مێدیاکانی ئیتاڵیا دەنگۆکانی چوونی رۆناڵدۆی بۆ یانەیەکی دیکەی بەدرۆخستەوە و گوتی: "رۆناڵدۆ سبەی دەست بە مەشقەکانی دەکاتەوە و لەگەڵ ئێمە دەمێنێتەوە. تاکو کۆتاییھاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لە وەرزی داھاتوودا، رۆناڵدۆ لەگەڵ ئێمە بەردەوام دەبێت".
جێگری سەرۆکی یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی دەربارەی ئەستێرەی ئەرژەنتینی پاولۆ دیبالا کە ئەویش وەرزی داھاتوو گرێبەستەکەی کۆتایی پێدێت و یاریزانی بەرگریکاری ئیتاڵی جۆرجیۆ کللینی کە گرێبەستەکەی کۆتایی ھاتووە، گوتی: "لەسەر بابەتی درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی دیبالا لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی لە گفتوگۆداین. لەم بابەتەدا لە دۆخێکی باشداین و لەو بڕوایەدام کە ئەم کێشەیە چارەسەردەکرێت. کە کللینی لە پشوو گەڕایەوە ئەوە قسەی لەگەڵ دەکەین".
کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن ٣٦ ساڵان، وەرزی رابردوو بە تۆمارکردنی ٢٩ گۆل بوو بە گۆڵکاری خولی Serie A، بەھۆی نزیکبوونی گرێبەستەکەی لە کۆتاییھاتن، دەنگۆی ئەوە ھەیە کە یانەکانی مانچستەر یونایتد، سپۆرتینگ لشبۆنە و پاریس ساینت-جێرمان ھەوڵی گواستنەوەی دەدەن.