ئەنقەرە
وەزیری گەشەپێدانی تورکیا جەودەت یڵماز دوای چەندین دیدار و وتوێژی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەبواری گەشەپێدان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی "تورکیا بەھەموو شێوەیەک بۆ ھەماھەنگیکردن لەگەڵ دراوسێکانی لە بواری کاردا ئامادەیە."
یڵماز لەبارەی گرنگیی پەیوەندیەکانی تورکیای لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان گوتی "عێراق و تورکیا دوو دراوسێی پڕ بەرژەوەندین بۆ یەکتری بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە، لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق یان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەین لەپێناو ھەماھەنگی و فراوانکردنی کارەکانمان کار بکەین".
یڵماز ھەروەھا گوتی "ئەگەر لەسەر بابەتی وزە ھەڵوەستە بکەین دەبینین عێراق و تورکیا ھەماھەنگیی پێشینەیان ھەیە. ھەروەھا بەنیازین لەداھاتووێکی نزیکدا ئەو بازنەیە فراوانتر بکەین، بەجۆرێک ھەوڵ دەدەین لە دەستووری عێراق دەرنەچین و پێیەوە پابەند بین. بێگومان ئەو کارانەیش بە ھاوکاریی و دەستپێشخەریی وەزارەتەکانی ھەردوولا دەکرێ."
یڵماز گوتی "سەرباری ئەو قەیرانە ئابوورییەی باڵی بەسەر تورکیادا کێشا، توانیمان بازنەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتاندا فراوان بکەین و ئاڵووێر لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیھان بەدوور و نزیکەوە بکەین. ئەم گوتانەم مانای ئەوە ناگەیەنێ کە ئێستا ھیچ کێشەیەکمان نەبێ، چونکە ئێستایش گرفتمان ھەیە، بەڵام تا بکرێ ھەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەین و گرنگیی بە فراوانکردنی رووبەری بازرگانیی وڵات دەدەین".
وەزیری گەشەپێدان دوای باسکردن لە گرنگیی فراوانکردنی بازنەی بازرگانی گوتی "لەم ١٠ ساڵەی دواییدا فراوانبوونی بازرگانی لەسەدا ٥ زیادی کردووە. ھەروەھا تێکڕای فراوانبوونەکە لەم ٣-٤ ساڵەدا پترە لە سەدا ٦-٧. ئەوە نیشانەی کرانەوەی تورکیایە بەڕووی جیھانەوە."
یڵماز لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ھەرێمی کوردستان گوتی "ئەو ھەنگاوە گرنگە بازرگانییانەی لەم دواییەدا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناومانە ئەنجامەکەی روون و دیارە. ئەو وڵاتەی بازرگانی لەگەڵ دراوسێکانی نەکات ھەرگیز گەشە ناکات و میللەتەکەی لە گەشەپێدان بێبەش دەبێ، تەنانەت ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا ئەگەر پەیوەندیی بازرگانییان لەگەڵ دراوسێ و دەوروبەرەکەیان لە قۆناغێکی باشدا نەبێ تووشی قەیرانی ئابووری دەبن."