Abdullah Shukur
04 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 04 ئادار 2017
کرشەھیر - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ گوتی: "کەمێک درێژتری خایاند لەوەی کە پلانمان بۆ دانابوو. باسی بابەتی سنوودارکردن و ھەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامی کۆبوونەوەی ھاووڵاتیان لە ئەڵمانیا لەبارەی پێدانی زانیاری پەیوەندیدار بە گشتپرسی لەگەڵ مێرکڵ کرد. بۆ پرۆگرامەکانی داھاتوو رێگایەکی جیاوازترمان دەبێت. لە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو، وەزیری دەرەوەی ھەردوو وڵات کۆدەبنەوە و ئەم بابەتە روون دەکرێتەوە".
یڵدرم لە دوای کۆبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی لە گۆڕەپانی جەجەبەی شاری کرشەھیر سەردانی شارەوانی ئەو شارەی کرد و لەگەڵ مێرکڵ پەیوەندیەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم لە کاتی ھاتنە دەرەوەی لە بینایەی شارەوانییەکە، لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و رایگەیاند کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە.
یڵدرم لەمبارەیەوە گوتی: "باسی بابەتی سنوودارکردن و ھەڵوەشاندنەوەی پڕۆگرامی کۆبوونەوەی ھاووڵاتیان لە ئەڵمانیا لەبارەی پێدانی زانیاری پەیوەندیدار بە گشتپرسی لەگەڵ مێرکڵ کرد. بۆ پرۆگرامەکانی داھاتوو رێگایەکی جیاوازترمان دەبێت. لە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو، وەزیری دەرەوەی ھەردوو وڵات کۆدەبنەوە و ئەم بابەتە روون دەکرێتەوە".
یڵدرم لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی دەنیز بایکاڵ ئەندامی جەھەپە بۆ ئەڵمانیا: "نازانم بەڕێز بایکاڵ بۆچی بەرنامەکەی ھەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت لەوێ دووچاری رووداوێکی ناخۆش نەبێت یاخود لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کاردانەوەیەک نیشان بدات بەرامبەر ئەو ھەڵوێستەی کە ئەڵمانیا بەرامبەر بە تورکیا نیشانیدا. بەدڵنیاییەوە ئەگەر لەبەر ئەوە بێت سوپاسی بەڕێز بایکاڵ دەکەین".
ھاوکات بینالی یڵدرم دەربارەی ھەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکانی لە ئەڵمانیا گوتی: "ھاووڵاتیانمان لە ئەڵمانیا بەرامبەر ئەو ھەڵوێستە بە دەنگی "بەڵێ" باشترین وانەی دیموکراسان دەدەن، ئێمە لە دڵەوە بڕوامان بەمە ھەیە".
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا یڵدرم: "لە ئەڵمانیا بە ھۆکاری بێ بنەما کۆبوونەوەی دوو وەزیرمان لەگەڵ ئەو ھاووڵاتییانەمان کە لە ئەڵمانیا دەژین ھەڵوەشێندرایەوە. ئەمە بڕیارێکی زۆر پێچەوانەیە لەگەڵ ئازادی و دیموکراسیدا. بانگھێشتی بەرپرسانی ئەڵمانیا دەکەم بەم بڕیارەدا بچنەوە کە لەگەڵ بنەماکانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا یەکناگرێتەوە."
یڵدرم لە وەڵامی پرسیارێکدا رایگەیاند کە ئەو ھیچ پرۆگرامێکی لە ئەڵمانیا نییە بەڵام لەوانەیە یەکێک لە ھاوڕێیانیان بۆ ئەو وڵاتە بنێرن.