پەرلەمانی توركیا
دوای ئەوەی یانەی دیاربەکر ٢٥ ملیۆن لیرەی تورکیی لەسەر کەڵەکە بوو، توانای دانەوەیشی نەبوو. یانەکە لەلایەن بەرپرسانەوە داخرا. بۆ ئەوەی شارەکە بێ یانە نەمێنێتەوە (یانەی دیاربەکر)ی نوێیان دامەزراند.
ئەندام پەرلەمانی پارتی دادو گەشەپێدان لە دیاربەکر (جومعە ئیچتەن) کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یانەی دیاربەکری نوێ، بە (AA)ی راگەیاند " سەرەتا سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ ئیدارەی یانەکە گفتوگۆی کرد، ویستی رێگەچارەیەک بۆ یانەی دیاربەکر بدۆزێتەوە. بەڵام بێ سوود بوو، چونکە قەرزەکە زیادیکردبوو. ھەموو خاوەن قەرزەکانیش داوای پارەی خۆیانیان دەکردەوە. زۆر نیگەران بووین بە بڕیاری ئیفلاس بوون و داخرانی یانەکە، بەڵام ھیچ ھەڵبژاردنێکی دیکەمان نەبوو".
ئیچتەن یانەی دیاربەکری نوێی بە یانەیەکی بناغە پتەو داناو گوتی " دڵنیام یانە تازەکە توانای جێگرتنەوەی یانەی دیاربەکری ھەیە. ھیوادارم ھاندەرانی دیاربەکر پاڵپشتیی تەواو لە یانە تازەکەیان بکەن و وەک نوێنەری شارەکەیان قەبووڵی بکەن. درێسی یانەکە وەکو جاران سوورو سەوزە، ئامانجی گەیشتنە بە خولی یانە نایابەکانی تورکیا".