Zehra Tekeci Eser
01 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2026
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی ئاکپارتی عومەر چەلیک دڵتەنگی خۆی بە ڕووداوی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی نیشان دا و سەبارەت بە دۆخی جەنگی لە ناوچەکەش گوتی، "زۆریەک لە ڕێبەرانی کورد ڕایانگەیاندووە کە هەرگیز بەشێک نابن لەو جەنگە. ئەو ڕوانگەیە، کوردەکان لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە لە ناوچەکەدا زۆر پڕبایەخە".
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندی كارگێڕی ئاک پارتی کە بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری توركیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕهجهب تهیب ئەردۆغان بەڕێوەچوو، گوتەبێژی پارتەکە عومەر چەلیک قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد.
چەلیک لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا کە ئاماژەیان بە هێرش بۆ سەر ماڵی (سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق) نێچیرڤان بارزانی کرد و داوای وەڵامی ئەوەیان لێکرد کە، "ئیسرائیل هەوڵ دەدات کە کوردەکان بکاتە بەشێک لە بەرەی جەنگەکە"، قسەی کرد.
عومەر چەلیک دڵتەنگی خۆی بۆ بارزانی دووپات کردەوە و گوتی، بە داخەوەیە بۆ ئەو ڕووداوە و ڕاشیگەیاند کە خۆشحاڵە کە ڕووداوەکە قوربانی نەبووە.
گوتیشی: "دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ برایانی کوردمان لە باکووری عێراق بووین و گرنگی دەدەین بە ئاسایش و خۆشگوزەرانیان. ئەو بابەتەی کە ئێوە پرسیاری لەسەر دەکەن و لە هەندێک ڕاپۆرتیشدا دەنگی داوەتەوە. ڕاستە. بە تایبەتی دەبینین کە لایەنی ئیسرائیلی لەگەڵ هەندێک لایەن و ئەکتەردا پەیوەندی گرتووە و هەوڵێکی بەرفراوان دەدات کە برایانی کوردمان تێکەڵ بەو جەنگە بکات. ئێمە ئاگامان لە هەندێک لەو پەیوەندییانە هەیە و لە ڕێگەی سەرچاوەکانی خۆمانەوە و بەشێکیشی بە ئاشکرا درزی پێکرا. بۆ نموونەش هەندێک لە نوێنەرانی ئەو گرووپانە ئاماژە بە بوونی ئەو پەیوەندییانە و هاوکارییەکانیان لە نزیکەوە دەکەن".
گوتەبێژی ئاکپارتی گوتیشی: "دەبێت لە نێوان برایانی کوردمان و ئەو پێکهاتە ڕێکخراوانە جیاوازی دابنرێت".
عومەر چەلیک ئاماژەی بەوەشدا کە تورکیا هەموو کاتێک گرنگی داوە بە خۆشگوزەرانی و ئاسایش و ئاییندەیەکی جێی شانازی و برایانە بۆ کوردەکانی عێراق، سووریا و ئێران و لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانیمان لێ کردوون.
چەلیک گوتی، پێویستە لە نێوان ئەو گرووپانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەم بە "نوێنەرایەتی کوردەکان" دەجولێنەوە و لەگەڵ خودی خەڵکی کورد جیاوازی دابنرێت و گوتی: "دەبینین و دەزانین کە هەندێک لەو گرووپانە لە ئێران وەک پەژاک و کۆمەڵە و ئەندامانی پەیوەندیدار بەوان لە ئاراستەی ئیسرائیل، هەندێک ڕوانگەیان هەیە بۆ جووڵەی هەماهەنگ و هاوکات و هەندێک پەیوەندییان گرتووە. ئێمە ئاگامان لەو پەیوەندییانەش هەبووە. میدیاکانی ڕۆژئاوا کاتێک ڕووماڵی ئەو ڕوانگانە دەکەن، ئەوان وەک "کوردەکان" دەناسێنن و ئەوە هەڵەیە. دەبێ بە هەستیارییەوە لە نێوان برایانی کوردمان و ئەو پێکهاتانە جیاوازی دابنێین. ئەوە پرسێکی زۆر گرنگە".
ئەوە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کوردەکان لە ئێران و باکووری عێراق ڕەفتارێکی زۆر گونجاویان هەبووە و ئاماژەی بەوەشدا کە زۆریەک لە ڕێبەرانی کاریگەردانەریی کورد ڕایانگەیاندووە کە هەرگیز بەشێک نابن لەو جەنگە ناڕەوا و نایاسایانە و دووری لێ دەکەن.
گوتەبێژی ئاکپارتی عومەر چەلیک لە کۆتاییدا گوتی، ئەو ڕوانگەیەی کوردەکان لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە و بە تایبەت بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بە دوای ئاژاوەگێڕیدان لە ناوچەکەدا زۆر پڕبایەخە و ستایشی ئەو دووربینی و هەڵوێستەی کردن.