Seval Ocak Adıyaman
14 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "بەسەر ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنەدا سەردەکەوین کە جەهەپە بۆ پەردەپۆشکردنی ئابڕووچوونەکانی دەستدرێژی، دزی و قۆرغکارییەکانی خۆی گرتویەتییەبەر".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد کە لە کۆتایی ١٩ ساڵی رابردوودا، بەو پەرەسەندنانەی لە ناوچەکە و جیهاندا روویاندا، ئەو ئاستە سیاسیی و ئابوورییەی تورکیای پێگەیشتووە، نیشانیدا کە تاکە پێکهاتەی سیاسیی کە دەتوانێت هاوشێوەی ئەمڕۆ، ئایندەی تورکیا بنیات بنێت، هەر ئێرەیە (پەرلەمان).
راشیگەیاند "جگە لە ئێمە چ وەک ئاک پارتی و چ وەک هاوپەیمانیی کۆمار، هیچ لایەنێکی سیاسیی دیکە نییە کە خەمی گەورەی جێهێشتنی تورکیایەکی مەزن و بەهێزبێت بۆ رۆڵەکانی".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە جەهەپە و هاوبەشەکەی بۆ قۆستنەوەی ئەو هەلەی دەستیان کەوتووە، هەوڵی بە بەردەوامی سەقفی درۆ و قسەهەڵبەستنەکانیان بەرز دەکەنەوە و هەوڵ دەدەن دڵی گەل تەنگ بکەن و سەری لێ بشێوێنن و گوتی: "بێگومان هەموو جۆرێکی دزیکردن خراپە، بەڵام دزیکردنی سیاسیی و دزیکردنی خزمەت زۆر خراپترە".
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی فەتۆ گوتی: "چۆن دژبە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە بێپسانەوە خەبات دەکەین، ئاواش تا لە چالاکی خستنی دوا ئەندامی فەتۆ لە خەبات ناوەستین".
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها گوتی: ''با ئەو بزانن، رێگە بەوانە نادەین کە لەژێر پەردەی ئاییندا ئەم گەلە بەکاردەهێنن''.