دیاربەکر
ئەنجوومەنی ئاشتی تورکیا کۆبوونەوەیەکی لە ژێر ناوی" لە کوێ قۆناغی چارەسەریدان" لە شاری دیاربەکر ساز کرد و کۆبوونەوەکە لە لایەن ئەندامی ئەنجوومەنی ئاشتی تورکیا ( شەمسەدین کۆچ )ەوە بەڕێوە برا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا شەمسەدین کۆچ رایگەیاند: ٣٠ ساڵە لەم وڵاتە ئازاری زۆرمان بینیوە و حەفت مانگە قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە.
ھەروەھا نوێنەری مووش لە پەرلەمان ( سڕی ساکیک) ووتەیەکی پێشکەشکرد و ووتی" دەستپێکردنی قۆناغی گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی ١٠٠ ساڵە، ھەنگاوێکی زۆر گرنگە و بەو پەڕی ھێز و تواناکانی خۆمەوە پشتگیری لەم قۆناغە دەکەم.
ساکیک رایگەیاند: جاری یەکەمە حکومەت گفتوگۆ لەگەڵ کورد دەکات و دانی بەەوەدا ناوە بە توندوتیژی پرسەکان چارەسەرناکرێن و ووتی" ھەر چەند ئێمە لایەنی یەکەمی پرسی کوردین، کەچی ئاگامان لە ناوەڕۆکی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆن نییە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئومێدمان بۆ ئاشتی ھەیە.
ساکیک ھەروەھا باسی شەفافبوونی قۆناغی چارەسەری کرد و ووتی" وەرن با ئەو شتانە جێ بەجێ بکەین کە لە لایەن کۆمیتەی عاقڵمەندانەوە نووسراون. ٣٠ ئەیلوول پاکێجێکی دیموکراتیزاسیۆن ئاشکرا دەکرێ ئێمە ئاگامان لە ناوەڕۆکی نییە و لە سەر بنەمای ئاغا و کۆێلە ئاشتی فەراھەم نابێت.
نوێنەری شاری مووش لە بەردەوامی ووتەکانی دا گوتی " ئەگەر پارتی ئاشتی و دیموکراسی و گەلی کورد لە قۆناغی چارەسەریدا وەک موخاتەب وەرنەگیرێن، ئەوا بەردەوامبوون و سەرخستنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد مومکێن نییە، بۆیە دەبێ لەم قۆناغەدا بەیەکەوە کار بکەین.
ئەندامی تیمی ناوچەی قەرەدەنیزی کۆمیتەی عاقڵمەندانی تورکیا ( ئۆراڵ چاڵشلار) لە ووتەکەیدا رایگەیاند: پێویستە سوپاسی سەرۆک وەزیرانی تورکیا و عەبدوڵلا ئوجەلان بکرێ چونکە بۆ وەلاوەنانی شەڕ و خۆشکردنی زەمینە بۆ سەردەمێکی دوور لە شەڕ، زۆر بە بوێریەوە ھەنگاویان ناوە.
چاڵشلار گوتی" تورکیا ھەنگاوی زۆر باشی بڕیوە و گۆرزێکی کوشندە لە میلیتاریزم وەشێندرا و دەبێ دان بەوەدا بنێین کە بۆ گەیشتن بەم قۆناغە سەرەڕای ھەبوونی پرسی ئەرگەنەکۆن و بالیۆز، داواکارییەکانی بزاڤی کوردی بۆ ئازادی و دیموکراسی رۆلێکی یەکجار گرنگی بینیوە. حەوت مانگە قۆناغێکی باشی بێ شەڕ و توندوتیژیمان بڕیوە، دەبێ لەمەودوا ھەوڵ بدەین ئەم قۆناغە بکرێتە قۆناغی دانوستانی سیاسی و لە ھەمان کاتدا دەبێ پشوودرێژ بین.
ئەندامی تیمی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ لە کۆمیتەی عاقڵمەندانی تورکیا (فازڵ حوسنو ئەردەم) رایگەیاند: ئەو پرسانە کە بوونە ھۆکاری ئێش و ئازاری زۆر، ئەمڕۆ و سبەێ چارەسەرناکرێن، بۆیە پێویستە بە پشوودرێژییەوە لە قۆناخی چارەسەریدا ھەڵسوکەوت بکەین.
ھەروەھا گوتی" دەبێ حکومەت گارەنتی ئەوە بداتە کورد ئەو مافانەی لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆندا باسیان لێوە نەکراوە، لە داھاتوودا یەک بە یەک جێبەجێ بکرێن و ئەمەش مەرجی سەرەکی کوردە بۆ پشتگیریکردن لە پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا.