سلێمانی - دڵشاد سەیفەدین
ئاشکراکردنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن لایەنە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن بۆچوونی جیاوازیان لەبارەیەوە ھەیە.
لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن، لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەشارەکانی ھەولێرو سلێمانی لەسەر شەقامەکان بە ئاھەنگگێڕان شادمانی خۆیان دەربڕی بەبۆنەی سەرکەوتنی لیستەکەیانیان.
لەشاری سلێمانی سەدان کەس لەئەندام و لایەنگرانی (پ. د. ک) لەشارێی سالم و لەبەردەم لقی ئەو حیزبە تا درەنگانی شەو مانەوەو ئاھەنگییان گێڕا، ئەوان خۆشحاڵ دیاربوون بەئەنجامەکە و بەسەرکەوتنی گەورەی حزبەکەیان زانی کەتائێستا ٣٨ کورسی پەرلەمانی بەدەستھێناوە.
جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان ھەرچەندە شادمانی خۆیان راگەیاند بەوەی براوەی دووەمی ھەڵبژاردن بوون، بەڵام کاربەدەستانی بزووتنەوەکە چاوەڕێی ئەو ئەنجامەی نەبوون دەڵێن کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن ژمارەی دەنگەکانیان کەمتر لەژمارەی راستەقینەی خۆی خوێندوەتەوە.
گۆڕان چاوەڕوانی بەدەستھێنانی ٢٨ بۆ ٣٠ کورسی پەرلەمانی دەکرد، بەڵام بەگوێرەی ئەنجامەکان، ٢٤ کورسی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستھێناوە، ئەوەش سەرکردەو ئەندام و لایەنگرانی گۆڕانی توشی سەرسوڕمان کردووە.
یوسف محەمەد سەرۆکی لیستی گۆڕان لەپەیجی تایبەتی خۆی لە (فەیسبووک) دوای ئەنجامەکان نووسیویەتی : بەپێی بەدواداچوونی سەرۆکی لیستەکەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرکەوتووە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن بەھەڵە دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی خوێندووەتەوەو کە بەو پێیە ١٥٣٥١ دەنگ کەمتر خوێندراوەتەوە.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرباری کەمبونەوەی بەرچاوی دەنگەکانی، بەڵام بەئەنجامەکان ڕازییەو گوتەبێژی ئەو حیزبە لەڕوونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە ھەروەک لەڕاگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی رایانگەیاندووە سەرباری نیگەرانیو سکاڵاکانمان، رێز لەبڕیارو ئیرادەی دیموکراسیانەی گەلی کورد دەگرن.
ئازاد جندیانی گوتەبێژی ی.ن.ک گوتی " بەم بۆنەیەوە رایدەگەیەنین بارودۆخی سیاسی کوردستان پێی نایە قۆناغی دانوستانو گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر، بۆدیارکردنی ئەرکەکانی قۆناغی داھاتووی پرۆسەی سیاسیو حوکمڕانی کوردستان، لەم ھاوکێشە نوێیەی خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی پەرلەماندا، یەکێتی ڕۆڵی کاریگەرو چاوەڕوانکراوی خۆی لەیەکلایی کردنەوەی ھاوکێشە سیاسییەکانی کوردستاندا بەرپرسیارانە دەبینێ و بە بەرنامەو لەچوارچێوەی بەرژەوەندیی گەلەکەمان، وەڵامگۆی ئەو بەرنامانە دەبێ کە لەلایەن حیزبەکانی کوردستانەوە، بۆ گفتوگۆو دانوستان پێشکەشکراونو دەکرێن".
ھەرسێ لایەنی ئیسلامی کوردستان(یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی) لایەنێکی دیکەی نیگەرانی دەرەنجامەکانن و پێیانوایە ئەو ئەنجامە دەنگی ڕاستەقینەی ئەوان نییەو دەنگەکانییان کەم کراوەتەوە، بۆئەو مەبەستەش ئەنجامەکان قبوڵ ناکەن و سکاڵای خۆیان تۆمار دەکەن.
ئێوارەی رۆژی شەممە (٢٨ی ئەیلول) سەربەست مستەفا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی عێراق ٩٥%ی ئەنجامی بەرایی دەنگی لیست و قەوارەکانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند.
بەپێی ئەنجامەکان:
- پارتی دیموکراتی کوردستان ٧١٩ ھەزار و ٤ دەنگ
- بزووتنەوەی گۆران ٤٤٦ ھەزار و ٩٥ دەنگ
- یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٣٢٣ ھەزار و ٨٦٧ دەنگ
- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: ١٧٨ھەزار و ٦٨١ دەنگ
- کۆمەڵی ئیسلامی: ١١٣ھەزار و ٢٦٠ دەنگ.
- بزووتنەوەی ئیسلامی: ٢٠ ھەزار و ٧٩٥ دەنگ
- حیزبی سوسیالیست دیموکرات: ١١ ھەزار و ٨٢٨ دەنگ
- حیزبی شیوعی: ١١ ھەزار و ٧٦٨ دەنگ
- ئاراستەی سێیەم: ٨ ھەزار و ٢٦٨دەنگ.