ھەکاری
پارێزگاری شاری ھەکاری لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە سەعات دوو و نیوی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی لە سەر شەقامێکی شارۆچکەی یوکسەکۆڤای سەر بەشاری ھەکاری بە بیانووی شێواندنی مەزاری
بەناو شەھیدانی سەر بە چەکدارانی پەکەکە لە ناو شارۆچکەکەدا؛ گروپێکی ١٥٠تا١٦٠ کەسی کە لە ناویاندا چەند کەسێکی دەمامکدار ھەبووە، خۆپیشاندانێکی بێ مۆڵەتیان ئەنجامداوە و دواتر بە مۆڵۆتۆف و فیشەک ھێرشیان کردۆتە سەر ھێزە ئەمنیەکانی شارۆچکەکە.
لەو ڕونکردنەوەیەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ھێزە ئەمنیەکانی شارۆچکەکە بە گازی فرمێسک ڕێژ و ئاو ھەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکەیان داوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەی پارێزگاری شارەکەدا ھاتووە گروپێکی دەمامکدار کە ژمارەیان ٢٠ تا ٢٥ کەس دەبوو بە چەکی دوورھاوێژ ھێرشیان کردۆتە سەر سەیارەکانی پۆلیسی مەدەنی و زیانێکی زۆریان بە سەیارەکان گەیاندووە و ئاماژە بەوەش کراوە کە ھێزێکی تایبەتی پۆلیس ناچار بوون کە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بارودۆخەکە بکەونە حاڵەتی ئامادە باشیەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا ھەروەھا ھاتووە کە بەھۆی پێکدادانی ھێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەرە بێمۆڵەتەکانە ھەریەک لەھاوڵاتی محەمەد رەشیدی تەمەن ٣٢ ساڵ و وەیسەل ئوزی تەمەن ٣٢ ساڵ پاش برینداربوونیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە.ڕوونکردنەوە ئاشکراشیکرد ھیچ قەبرستان و شوێنێکی تایبەت ھێرشی نەکراوەتە سەر و تێکنەدراوە. لەلایەکی دیکەوە دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی گیان لەدەستدانی ئەو دوو ھاوڵاتیە لە نەخۆشخانە، جارێکی دیکە پێکدادان لە نێوان ھێزەکانی پۆلیس و گروپێک دا ڕوویدا و پۆلیس ناچار بوو بە گازی بیبەر خۆپیشاندەران بڵاوەپێبکات.
دوای ئەوەی کە کەسو کاری نزیکی ئەو دوو ھاوڵاتیە دەگەنە نەخۆشخانە , گفتوگۆویەکی توند و پاشان پێکدادان لە نێوان پۆلیس و کەسو کاری کەسە کوژراوەکان دروست دەبێ و دواتر بە نێوەندگیری ئەرجان بۆرای سەرۆکی شارەوانی یۆکسەکۆڤا و چەند بەرپرسێکی دیکەی ناو بەدەپە کۆتایی بەو گرژی و ئاڵۆزیە دەھێنرێ.
دواتریش پاش ئەوەی کە پۆلیسێکی مەدەنی سەر بە نەخۆشخانەکە دێتە دەرەوەی نەخۆشخانەکە جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزی دەکەوێتە نێوان کەسو کاری کوژراوەکان و پۆلیسەوە و پۆلیسی چالاکە مەدەنیەکان ناچار دەبن بە گازی فرمێسک رێژ کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزیەکان بھێنن.