ھەولێر
شەوی پێنجشەممە پینجی کانوونی دووەم ڕۆژنامەوان کاوە گەرمیانی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەشاری کەلار لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە کە لەناو سەیارەیەکدا بوون دەستڕێژی کوللەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.
دوابەدوای کوژارنی ئەو رۆژنامەوانە ھاولاتیان و رۆژنامەنووسانی گەرمیان و شارەکانی دیکەی کوردستان دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردەوە.
رۆژی ھەینی شەشی کانوونی یەکەم سەرۆکایەتی ھەریمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ھاتووە: "ئەم ھەواڵە دڵتەزێنە ھەموومانی ئازار دا و زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە دەکەین."
سەرۆکایەتی ھەرێم رایشیگەیاند: بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی خۆمان بە بنەماڵە و کەسوکاری شەھید کاوە گەرمیانی ڕادەگەیەنین."
ھەروەھا دەڵێ : " داوای لە حکوومەت و گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات تاوانبارانی ئەم کردە قێزەوەنە بدۆزنەوە و ڕادەستی یاسای بکەن و سزایان بدەن."
ھەر لە بەیاننامەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە: " ناکرێ بەھیچ شێوەیەک تیرۆر و کوشتنی خەڵکی بێتاوان و ڕۆژنامەنووس لە وڵاتی ئێمەدا ھەبێت. ئەمە جگە لەوەی دەبێتە ھۆی ئازاردانی خەڵک و شێواندنی سەقامگیریی وڵات و تێکدانی ئاسوودەیی ھاووڵاتیان، کاریگەریی زۆر خەراپیشی لەسەر ناوبانگی ھەرێمی کوردستان دەبێ. پێویستە یاسا سەروەر بێت و ئازادی و ئاسوودەیی خەڵک بپارێزرێ."