Alper Atalay
12 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2021
ئەنقەرە - AA
پهرلهمانتاری دیاربەکری ههدهپه، گارۆ پایلان باسی لەوە کرد لەو یاسایەی کە سەبارەت بە ئابووریی لە لیژنەی پلان و بوودجەی پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت ''پێشنیازی درێژکردنەوەی باری نائاسایی کراوە بۆ سێ ساڵی دیکە'' و رایگەیاند: ''ئێمە دەڵێین پێویستە ئیدی ئەم وڵات بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی''.
گارۆ پایلان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە بینای پەرلەمانی تورکیا سازی کرد ئاماژەی بەوە کرد کە بێ رێزیەکی گەورە بەرامبەر کڵێسای سورپ تاکاڤۆر کراوە لە کادیکۆی و هەندێک کەس چوونەتە سەر دەروازەی کڵێساکە و بە دەم موزیکەوە سەمایان کردووە.
پایلان باسی لەوە کرد ئیدانەی ئەو کەسانەیان کردووە کە ئەو بێ رێزییەیان ئەنجامداوە لەگەڵ ئەوانەشی رێگەیان بەو بێ رێزییە داوە و گوتی: ''لەو مەیدانەی کڵێساکەی لێیە، هەمیشە پۆلیسی مەدەنی و فەرمی لێیە. لە کاتی ئەو روویداوە پۆلیس لەوێ بووە، بەڵام بێ دەنگ بوون بەرامبەر ئەو بێ رێزیە و رێگەیان پێ داوە''.
هاوکات گارۆ پایلان باسی لەو داواکارییە یاسایە کرد کە چاکسازی لەبارەی ئابووریی لەخۆگرتووە و رایگەیاند: ''لەو داواکارییەدا پێشنیازی درێژکردنەوەی باری نائاسایی کراوە بۆ سێ ساڵی دیکە، پێنج ساڵی تەواو تێپەڕیوە بەسەر ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦دا. پێنج ساڵە ئەم وڵاتە لە باری نائاساییدا بەڕێدەکەن. ئێمە دەڵێین پێویستە ئیدی ئەم وڵات بگەڕێتەوە بۆ دۆخێكی ئاسایی، بەڵام ئەوانەی کودەتا وەک لوتفێکی خوا دەبینن وا بیر دەکەنەوە کە سوودمەندن لە رژێمی باری نائاسایی''.