Hemin Hüseyin
12 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 12 نیسان 2018
ھەولێر-AA
کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای سەردانی لالش-ی کرد و لە لایەن نوێنەری میری ئێزدییان، عیسمەت میر تەحسین بەگ و سەرۆکی ئەنجوومەنی رۆحانی، بابەشێخ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە پێشوازی لێکرا.
لە دانیشتنێکدا عیسمەت میرتەحسین بەناوی ئێزدییەکان، وێرای بەخێرھاتنی کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر، سوپاسی حکوومەتی تورکیای کرد کە یارمەتی ئێزدییەکانی داوە لە کاتە سەختەکان و پەیوەندی و دۆستایەتی خۆیانی دووپاتکردەوە.
دواتر کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر سەردانی پەرستگای لالش-ی کرد و زانیاری لەبارەی ئایینەکەیان وەرگرت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، کۆنسولی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای گوتی: "ئەمڕۆ لە چوارچێوەی سەردانەکەم بۆ دھۆک، سەردانی پەرستگای لالشم کرد کە ناوەندی ئایینی ئێزدییەکانە لە جیھان. تیایدا لەگەڵ بابە شێخ کۆبوومەوە و لەبارەی باوەڕیان زانیاریم لێیان وەرگرت. پەرستگاکەیان ناساند. بێگومان وەک کۆماری تورکیا ھەروەک ھەموو لایەك دەزانێت ئێمە وڵاتێکین بێ جیاکاری ئایین، زمان و نەژاد ھاوکاری ھەموو لێقەوماوێک دەکەین. ئێزدییەکانی عێراق لەم ماوانەی دواییدا بوونە ئامانجی رێکخراوانی تیرۆریستی و داعش زیانی زۆر جددی بە ئێزدییەکان گەیاند. بەڵام ھەندێک لە رێکخراوی تیرۆریستی لە سەرووی ھەمووشیانەوە پەکەکە ئەم دۆخەی قۆزتەوە و ھەوڵی دا خۆی وا نیشان بدات کە لە لای ئەوانە. لە راستیدا ئەمە وا نییە. ئێمە وەک تورکیا میوانداری لە ٢٠ ھەزار ئێزدی لە تورکیا دەکەین کە لە ستەمکاری تیرۆر ھەڵاتوون".
ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەندامی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدی، کەریم سلێمان گوتی: "ئەمڕۆ نوێنەری میرتەحسین بەگ و جەنابی بابەشێخ و ئەندامانی ئەنجوومەنی رۆحانی پێشوازیمان لە کۆنسولی نوێی تورکیا لە ھەولێر کرد، ئەو سەردانە بۆ ئەوە بوو کە لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ئێزدییەکان بێت و پرسیار لە رەوشی ئێزدییەکان بکات و ئێمەش بە تێروتەسەلی باسی بارودۆخی ئێزدییەکانمان کرد و داوامان لە تورکیا کرد کە ئاگاداری خەڵکی مەدەنی ئێمە بێت لە شنگال و عفرین".
سەبارەت بە رەوشی شنگالیش، کەریم سلێمان گوتی: "ئێزدی وەک ئایینێک شوێنی خۆمان چیای شنگالە، ئەوەی دەمێنێتەوە ھێزی سیاسییە و چەندین جار داوامان کردووە کە کاری سیاسیی ئەگەر لە شنگال دەکرێت، پێویستە ئەو لایەنە بیکات کە لە چوارچێوەی کوردستان و عێراقدایە، ھەر لایەنێک کە لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بێت مانەوەیان گرنگ نییە و رەنگە زۆر کێشە و ئاریشە بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست بکات".
پەرستگای لالش دەکەوێتە قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دھۆک و یەکەمین شوێنی پەرستگای ئێزدییەکانە کە گۆڕی شێخ عادی کوڕی موسافیری لەخۆگرتووە و پیرۆزترین شوێنی ئێزدییەکانە و ھەموو ساڵێک سێیەم چوارشەممە لە مانگی نیساندا کە پێی دەڵێن چوارشەممەی سوور یەکێکە لە جەژنەکانی ئێزدییەکان.