Muhammet Ali Kemal
08 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری، تورکیا ئیبراهیم کاڵن: ''ئەو دانوستانانەی سەبارەت بە کەمپی باشیک لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقدا دەیکەین، درێژەی هەیە. کەمپەکەمان لەوێ بەردەوامە لەهاوکاریی و پشتیوانییکردنی عێراقییەکان لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا. بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بابەتەکە بدۆزرێتەوە، دانوستانەکان لەئێستادا بەردەوامن''.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئیبراهیم کاڵن سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات رایگەیاند: ''بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ داڕێژراوە و بەمکووڕییەوە بەردەوامە. لەبەرئەوەی کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش جبەخانەیەکی زۆری لە ئەلباب کۆکردووەتەوە، گرنگە کە بە وریاییەوە لەوێ پیشڕەویی بکرێت. تا ئێستا رووبەری نزیکەی هەزار و 800 کیلۆمەتر چوارگۆشە، لە جەرابلوسەوە تا عەزاز و باشووری عەزازیش، تاوەکو ناوچەی ئەلباب، بەتەواوەتی لەتیرۆریستان پاککراوەتەوە''.
- ''رووداوەکانی حەلەب نیگەرانیی زۆری لەلای هەموومان دروستکردووە''
ئیبراهیم کاڵن سەبارەت بە دۆخی حەلەب گوتی: ''رووداوەکانی ئەم دواییەی شارەکە نیگەرانیی زۆری لەلای هەموومان درووستکردووە. رژێم بەشێوەیەکی ئاشکرا لەحەلەب تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ ئەنجامدەدات. لەکاتێکیشدا کە سەیری روونکردنەوە و لێدوانەکانی ئەمڕۆی ئەو کەسە دەکەین کە سەرۆکایەتی رژێم دەکات، ئەوەندەی کە دیارە ئەوەیە کە ئامادەی هیچ ئاگربەست و رێگەچارەیەک نییە. ئەمە لەبنەڕەتدا نیازی رژێم لەحەلەب و لەناوچەکانی دیکە بەشێوەیەکی روون دەردەخات''.
- ''کۆبوونەوەکانمان لەبارەی باشیکەوە بەردەوامن لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق''
کاڵن رایگەیاند: ''ئەو دانوستانانەی سەبارەت بە کەمپی باشیک لەگەڵ کاربەدەستانی عێراقدا دەیکەین، درێژەی هەیە. کەمپەکەمان لەوێ بەردەوامە لەهاوکاریی و پشتیوانییکردنی عێراقییەکان لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا. بۆ ئەوەی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ بابەتەکە بدۆزرێتەوە، دانوستانەکان لەئێستادا بەردەوامن''.
- ئەو هێرشەی کرایە سەر سوپای تورکیا لە ئەلباب
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەبارەی ئەو هێرشەی رۆژی 24ی تشرینی دووەم کرایە سەر سەربازانی سوپای تورکیا لە ئەلباب گوتی: ''ئەو هێرشەی کە کرایە سەر سەربازانمان لە دەورووبەری ئەلباب، لەلایەن رژێمی سووریاوە ئەنجامدراوە. ئەو زانیارییانەی ئێمە لەوبارەیەوە هەمانە بەم جۆرەیە. ئەمەش دووبارە نیازی رژێمی سووریا لەو وڵاتە، لەحەلەب، لە ئەلباب و لەهەموو ناوچەکانی دیکە دەخاتەوەڕوو''.
- گۆڕینی دراوەکان بە لیرەی تورکی
سەبارەت بە داواکاری گۆڕینی دراوەکان بۆ لیرەی تورکی، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند: ''ئەو رۆژەی سەرکۆمارمان ئەم داوایەی کرد، هەموو دراوەکانی ناو حسابە بانکییەکانی خۆی بۆ لیرەی تورکی گۆڕی. ئەوەی کە سەرکۆمارمان هەڵمەتێکی لەوجۆرە دەست پێبکات و خۆی ئەنجامی نەدات، واتە بە خەڵک بڵێ 'بیکەن' و خۆی نەیکات، تەنانەت هەرگیز نابێتە جێگەی باس''.