ئیستەنبوڵ
ئەمڕۆ شەممە لەئوفیسی وەزارەتی کاروباری یەکێتی ئەوروپا لەئیستەنبوڵ ھەر یەکە لەوەزیر(ئەگەمەن باغش) و (ئارام ئاتەشیان) جێگری پاتریارکی ئەرمەنەکانی تورکیا کۆبوونەوە.
لەکاتی پێشوازییکردن لەئاتەشیان ئەگەمەن باغش گوتی " لەوەتەی بوومەتە وەزیر تا ئەمڕۆ پەیوەندیی زۆرباشم ھەبووە لەگەڵ ئارام ئاتەشیاندا، بیروڕاکانی ئاتەشیان بۆ پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی تورکیا زۆر گرنگ و باشن. سێ ساڵ بەمەوبەر کاتێ باڵیۆزی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا داوایان لێکردم بیانبەم بۆ کڵێسەی (ئاکدامار) لەشاری وان، بە ھۆی ئەوەی وەڵامی ھەڵە میوانەکانم نەدەمەوە پەیوەندییم بە ئارامەوە کرد و داوای ناردنی پیاوێکی ئاینیم لێ کرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی ئەگەر وەزیرێکی وڵاتەکەم وەفدێکی بیانی دەباتە کلیسەی ئاکدامار ئەوا من بۆ خۆم لەگەڵیدا دەچم، لەدوای ئەو رۆژەوە دوستایەتییەکەمان بەھێزتر بووە".
باغش ستایشی جێگری پاتریارکی ئەرمەنەکانی تورکیای کردو گوتی " زۆر بەگەرمی پێشوازیی لەتێبینییەکانی ئارام ئاتەشیان دەکەم سەبارەت بە باشوورو باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ".
ئارام ئاتەشیان قسەی کرد لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ باغش و گوتی "ئەوە کۆبوونەوەی دوو دۆست بوو ھاتووم تا تێبینییەکانی خۆم سەبارەت بەمەراسیمی ئایینی کڵێسەی ئاکداماری شاری وان پێشکەشی ئەگەمەن بکەم، لەڕەوشێکی تەباییدا مەراسمێکی ئاینی زۆر باشمان بەڕێوە برد، بەڕاستی لەماوەی ١٠ ساڵدا گۆڕانکاریی زۆر باش بەسەر تورکیادا ھاتووە".