مووش
دوای ئەوەی ٥٠ خوێندکار لە زانکۆی ئالپارسڵان خوێندنی ماستەریان تەواوکرد، لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ (پ.نیھاد ئینانچ) بڕوانامەیان پێدرا.
لەڕێوڕەسمەکەدا سەرۆکی زانکۆ ئەو رۆژەی بە "مێژوویی" وەسفکردو بەوجۆرە قسەی بۆ ئامادەبووانکرد " جاران لەم ناوچەیەدا ئەو مافانەی لەلایەن خواوە بە مرۆڤ درابوون، بەتاوان حیساب دەکران. خۆشبەختانە ئێستا زانکۆکەمان توانی رۆڵی خۆی بگێڕێ لەژیاندنەوەی زمان و ئەدەب و کەلتوور، سەرەتا داوایەکمان بەرزکردەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا. ئەوە بوو خوێندنی باڵا قەبوڵیکرد و وێنەیەکی ھاوپێچی لەگەڵ ناردە وەزارەتی پەروەردە. ئەگەر وەزارەتی پەروەردە لاری نەبوون رابگەیەنێ ، ھەموو خوێندکارانی ماستەر لە بەشی کوردی دەتوانن بێنە زانکۆکەمان و خولی وانەگوتنەوە بخوێنن. چونکە بەبێ خوێندنی ئەو خولە ناتوانن مافی وانەگوتنەوە بەدەستبێنن".
سەرۆکی زانکۆی ئارپارسڵان ھەروەھا گوتی " لەکاتێکدا ھەموومان ھەڵگری ناسنامەی وڵاتی تورکیاین، زەمینەخۆشکردن بەرەو ژیانێکی ئاسوودە ئەرکی سەر شانمانە. میللەتچێتی دەمارگیرانەو رەگەزپەرستی گەورەترین بەڵایە بۆ مرۆڤایەتی".
لەدوا بەشی مەراسیمەکەدا بڕوانامە بەخشرایە خوێندکارە دەرچووەکان.