Ramal Abdullah Mahmood
08 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2017
ئیستانبوڵ – AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش، لە میانی بەرنامەی "شاری بەربانگەکان-ئۆردو" کە لەلایەن شارەوانی ئەسەنەلەری ئیستانبوڵ لە بنکەی رۆشنبیری و هونەری قادر تۆپباش سازکرا، لەگەڵ پەرستاران کۆبۆوە.
کورتوڵموش سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەیانەوێت بە دەستی خۆیان نەخشەی ناوچەکە دابڕێژنەوە، ئاماژەی بەوەشدا لەو رۆژانەی دواییدا ئاگری بارگرژییەکی نوێ رووی لە کەنداو کردووە.
کورتوڵموش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە حەوت وڵاتی موسڵمان لەبەرامبەر قەتەرن و هەوڵدەدەن گەمارۆ بخەنە سەر قەتەر، گوتی: "بابەتەکە نە قەتەرە و نە هیچ وڵاتێکی دیکە. بابەتەکە بەرزبوونەوەی گوشارە لە ناوچەکە و ئامادەکارییە بۆ ئەوەی بارگرژییەکان تەشەنە بستێنن بۆ پێکدادان و قەیران و ئاژاوە هەڵگیرسان. بەسە ئیتر! لە کاتیکدا کێشەی سووریا شەش ساڵە چارەسەر نەکراوە، رەوشی عێراق رۆژ دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، بۆ خاتری خوا دروستکردنی کێشەیەکی دیکە چ سوودێکی هەیە، ئەوە ئاو دەکاتە ئاشی کێ؟ ئەمە هەرگیزاو هەرگیز لە سوودی خەڵکی ناوچەکە نییە. لەبەرئەمە و لە پێناو چارەسەرکردنی ئەم رەوشە بەڕێز سەرکۆمار دوای رووداوەکە یەکسەر لەرێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرکردەکانی جیهانەوە کرد و هێشتاش پەیوەندییەکان بەردەوامن. هەموو هەوڵەکانمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی فشارەکان کەم بکەینەوە. خوا یار بێت ئەو کێشەیە بەر لەوەی گەورەتر بێت چارەسەر دەکرێت".
کورتوڵموش بەبیری هێنایەوە کە دوای رەوشە قەیراناوییەکەی قەتەر هێرشیش کراوەتە سەر چەند شوینێک لە ئێران، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هێرشانە بەڕێککەوت نەبوون.