جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بولەند ئارینچ گوتی: "رووداوەکانی پاركی گەزی كە لە مانگی حوزەیران روویان دا ئێستاش كاریگەرییان بەردەوامە."
ئارینچ لە لە شەشەمین كۆنفرانسی باڵتۆزان قسەی كرد و گوتی: تەلەڤزیۆنی TRT بە 15 کەناڵ بۆ ھەموو جیھان پەخش دەكا و ئاژانسی ئانادۆڵو ھەوڵ دەدا ببێ بەیەكێك لە پێنج ئاژانسی یەكەمی جیھان و لە ماوەی سێ ساڵدا كارێكی باشی كرد و بە زمانی جۆراوجۆر ھەواڵ بڵاو دەكاتەوە."
ئارینچ ھەروەھا گوتی: "بە 12 زمان نامیلکە لەبارەی توركیا بڵاو دەكەینەوە، بەم نزیکانە ئەمانە لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا نوێ دەكەینەوە. ھەروەھا كتێبی شۆڕشی بێدەنگ كە باسی دیموکراسی و ئازادییەكان دەكا، بە عەرەبی و ئینگلیزیش بڵاو كرایەوە."
ئارینچ گوتی توركیا لە زۆر بواری وەكو دیموكراسی، ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان مەدەنی و عەسكەری و ئازادیی بیر و بۆچوون و ھتد سەركەوتنی بەدەست هێنا، پرۆسەی ئاشتیش یەكێكە لە سەركەوتنەكانی ئاك پارتی."
ئارینچ گوتیشی: "دوای مانگی ئایار ھەندێ رووداوی ناخۆش لەوانەیەناوی توركیایان لە رۆژئاوا لەكەدار كردبێ. لەو كاتەدا پەیامنێرانی شەڕ رۆژێك بەر لەوە نێردرابوون بۆ ئێستەنبوڵ و پەخشی زیندوویان دەكرد بۆ ئەوەی توركیا تێك بدەن. یەكێك لەوانە CNN International كاتێ ملیۆنێك كەس بۆ پشتگیری لە جەنابی سەرۆكوەزیران لە گۆڕەپانێكی ئیستەنبوڵ كۆبووبوونەوە، کەناڵەکە ئەوەی وەكو گردبوونەوەیەك دژی حكومەت پیشان دا، بەوەیش فێڵەكانی بۆ خەڵك ئاشكرا بوو.