Abdullah Shukur
27 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2018
واشنتۆن - AA
باڵیۆزی تورکیا لە واشنتۆن، سەردار کڵچ لەبارەی ھەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە سەپاندنی سزا بۆ سەر تورکیا لە ئەگەری ئازادنەکردنی قەشەیەکی ئەمریکی بە ناوی ئەندرێو کرایگ برونسۆن گوتی: "گوێ نەدانی بەرپرسانی ئەمریکا بە گشت ئەو پێشنیارانەی کە من بۆ گشت ئاستەکان رەوان کردووە، بەدبەختییە".
کلچ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە "پەیامەکەم ئاشکرا و روونە. ھیچ کەسێک چاوەڕێی ئەوە نەبێت کە تورکیا ملکەچی ئەو ھەڕەشانە بێت، نابێ ئەمریکا وەک ھاوپەیمانی ئێمە بەرەو ئاراستەی ھەڕەشەکردن بڕوات. گوێ نەدانی بەرپرسانی ئەمریکا بە گشت ئەو پێشنیارانەی کە من بۆ گشت ئاستەکان رەوان کردووە، بەدبەختییە".
ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندبوو "ئەمریکا بەھۆی دەستگیرکردنی قەشە ئاندرێو برونسۆن کە پیاوێکی کریستیانی گەورە و باوکی خێزانێکی شاھانەیە، ئەوا سزای قورس بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت. پێویستە ئەم پیاوە باوەڕدارە بێ تاوانە دەستبەجێ رزگار بکرێ".
لە پاڵ ئەمەش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پێنس لە كاتی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی وەزارەتی دەرەوە ھەمان گوتەی ھەڕەشەئامێزی ئاراستەی تورکیا کردبوو. پێنس رایگەیاندبوو "ئەگەر تورکیا دەستبەجێ قەشە ئاندرێو برونسۆن ئازاد نەکات و رەوانەی ماڵەکەی خۆی لە ئەمریکا نەکات ئەوا ئەمریکا تا رزگارکردنی ئەو پیاوە باوەڕدارە بێ تاوانە گەماڕۆی گرنگ بەسەر تورکیا دەسەپێنێت".
تورکیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و کاری سیخوری بۆ ھەردوو رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ و پەکەکە قەشەیەکی ئەمریکی بە ناوی ئاندرێو برونسۆنی دەستگیر کرد و داوای سزای زیندانی ٣٥ ساڵ بۆ ناوبراو دەکرێ.