Muhammet Ali Kemal
14 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2016
وان
ئەو ناوەندە کە لەساڵی ١٩٩٢دا دامەزراوە، لەهەوڵی ئەوەدایە پشیلەکان کە هەڵگری گەورەترین پاشماوەی زیندووی کولتووری شارەکەن، بێ ئەوەی توخمیان تێکچێت، ژمارەیان زیاد بکات و نەوەیان هەبێت.
بەڕێوەبەری ناوەندەکە دکتۆر عەبدوڵڵا کایا لە روونکردنەوەیەکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد سەبارەت بە پاراستنی توخمی پشیلەکانی وان ژمارەیەکی زۆر چالاکییان ئەنجام داوە و لە کارەکانیاندا گەیشتوونەتە خاڵێکی زۆر باش، باسی لەوەشکرد کە کۆمەڵگەش بەراورد بە رابردوو ئاستی هۆشیارییان بەرز بووەتەوە.
کایا هەروەها رایگەیاند: ''پشیلەکان چیتر وەک کولتووری شارەکە تەماشا دەکرێن و بەهایان دەزانرێت'' و زیاتر گوتی: ''ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە لە رووی خوێندن و لێکۆڵینەوەوە گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر باش. ئێمە لێرە یەکەم ئەرکمان بریتییە لە پاریزگاریکردن لە وەچەی پشیلەکان و توخمەکەیان. هەر لەو روانگەیەوە ئەگەر رەگەزی ئاژەڵێک نەزانین، ئەوە هەرگیز تێکەڵاوی ئەوانی دیکەی ناکەین. پشیلەکان بەپێی جوانی، بەهێزی، کوالیتی زاوزێ پۆلێن دەکرێن. لەو روانگەیەوە هەوڵ دەدەین ئەوانەی کە جوانترن، لە دۆخێکی باشتردان، باڵایان بەرزترە و روخساریان قەشەنگترە، گرنگی زیاتریان پێ بدەین''.
ئەو بەڕێوەبەرە باسی لەوە کرد ئەو پشیلانەی لە ناوەندەکەن، لە رووی چاودێریکردن، خۆراک پێدان و لەبارەی شوێنەکەیانەوە، زۆر لە حاڵەتێکی باشدان و ئەمساڵ دەستیان بە جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی نوێ کردووە و گوتی: ''بیرمان لەوە کردووەتەوە لە رووی زیادکردنی توانا و بەرهەمهێنانی پشیلەی بەچکە بۆ خانەی پشیلەکان لە وان لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا، پرۆژەمان هەبێت. ئامانجمان لە پرۆژەکە ئەوەیە تا ئەو ئاستەی کە لە توانادایە زۆرترین بەچکەمان دەست بکەوێت، چونکە چاودێریکردنی ئاژەڵەکان، خۆراک پێدانیان، پارێزگاری لە تەندروستییان، دەبێتە هۆی ئەوەی کەمترین زیان بەر بەچکەکان بکەوێت. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەتوانین بڵێین ئەمساڵ ژمارەی بەچکەکان زۆر دەبێت''.