31 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغلو رایگەیاند کە لە یەک دوو هەفتەی داهاتوودا، بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاستی بەرز لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی "A Haber" باسی لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد، ئەوەشی خستەڕوو کە لە دوای دانوستانەکانی ئیستانبوڵی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، کێشەکان لەسەر ئاستی باڵاتر گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرێت، گوتیشی: "لەپاڵ بەردەوامی دانوستانەکانی شاندی رووسیا و ئۆکراینا، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات پێکەوە کۆدەبنەوە و ئەگەر هەر رێککەوتنێک لە ئاردابێت، دایدەڕێژنەوە، دواتریش سەرکردەکان کۆدەبنەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بارەی رۆڵی ئەنقەرە لەم جەنگەدا و دەنگۆکانی تایبەت بە بەشداریکردنی تورکیا رایگەیاند "بانگەشەکان لەبارەی ئەوەی تورکیا (وەک وڵاتی دڵنیاییدەر) دەچێتە نێو جەنگەکە و هێزی سەربازیی رەوانەی ئۆکراینا دەکات، دوورن لە راستییەوە".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەش دا کە لە یەک دوو هەفتەی داهاتوودا، بەرپرسانی رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاستی بەرز لەگەڵ یەکتر کۆدەبنەوە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە درێژەی گوتەکانیدا باسیشی لە هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و ریاز کرد و گوتی: "هەنگاوی گرنگمان ناوە لە پێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعوودیە".