Tuğba Altun,Mustafa Deveci,Rahel Ali
16 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2023
ئەنقەرە – AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند: "رێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکان، خەونی هەموومان بوو و وەدی هات. تا دێت ژێرخانی دامەزراوەیی رێکخراوەکە پتەوتر دەبێت و هەماهەنگییەکانمان بۆ بوارەکانی دیکە پەرە دەستێنێت".
چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکان لە کۆشکی کۆماریی گوتارێکی پێشکەش کرد.
هەریەک لە بریکاری وەزیری دەرەوەی ئۆزبەکستان، بەختیار سایدۆڤ؛ وەزیری دەرەوەی ئازەربایجان، جەیهون بایرامۆڤ؛ وەزیری دەرەوەی قرغیزستان، جەنبەک کولوباێڤ؛ جێگری یەکەمی وەزیری دەرەوەی کازاخستان، کایرات ئومارۆڤ؛ وەزیری دەرەوە و بازرگانی دەرەکیی هەنگاریا، پیتەر سیاتۆ؛ وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، تەحسین ئەرتوغرولئۆغڵو؛ کۆنسوڵی تورکمانستان لە ئیستانبوڵ، میراتگەلدی سەیتمەمەدۆڤ و سکرتێری گشتیی رێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکان، کوبانیچبەک ئۆمورالیێڤ بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
کۆبوونەوەکە بە خولەکێک رێزگرتن لە گیانی ئەو کەسانە دەستی پێ کرد کە لە بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات و لافاوەکانی دوێنێی شانڵیئورفا و ئادیامان گیانیان لەدەست دا.
چاوشئۆغڵو سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە دوای ئەو بوومەلەرزانەی شەشی شوبات لە قەهرەمانمەڕەش روویان دا و ١١ پارێزگای تورکیایان گرتەوە، گەل و حکوومەتی دەوڵەتە تورکییەکان دەستی هاوکارییان بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان درێژ کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم پشتیوانییە بەهێزە دەرخەری بەهێزیی یەکگرتوویییانە و گوتی: "رێکخراوی دەوڵەتە تورکییەکان، خەونی هەموومان بوو و وەدی هات. تا دێت ژێرخانی دامەزراوەیی رێکخراوەکە پتەوتر دەبێت و هەماهەنگییەکانمان بۆ بوارەکانی دیکە پەرە دەستێنێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا بوونی کۆماری تورکی قوبرسی باکوور بە ئەندامی چاودێر لە رێکخراوەکەدا بە گرنگ زانی و گوتی: "پێویستە یەکسانی خاوەن سەروەری گەلی تورکی قوبرس، تۆمارکردنی مافەکانیان لە ستاتۆی نێودەوڵەتی، هەڵگرتنی گۆشەگیرکردن و سنووردارییەکان بۆ گەلی تورکی قوبرس ببێتە ئامانجی هاوبەشمان".