Mohammed Baqi Hussein
06 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 07 ئادار 2016
وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو لەوتارێكیدا لە میانی دانیشتنی پەرلەمان لەسەر بوودجەی ساڵی 2016ی وەزارەتەكەی رایگەیاند، كە توركیا لە جوگرافیایەكی سەختدایە و دەورووبەری توركیا پڕە لە كێشەی جددی.
چاوشئۆغڵو رایگەیاند كە لە سووریا و عێراقەوە سێ ملیۆن پەنابەر روویان لە توركیا كردووە و تەنها لەناو سووریادا هەشت ملیۆن كەس ناچار بوون ماڵەكانیان بەجێ بهێڵن.
چاوشئۆغڵو گوتی: "ئیمە ئەمانەمان دەبینی، ئایا لە ئێستادا و دوای پێنچ ساڵ رەخنەگرتن لە كردەوەكانی ئەو رژێمە، دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە؟ نەخێر. ئێمە پێشبینیمان دەكرد. هۆشداریماندا ئەگەر ئەم رژێمە هێرشەكانی رانەگرێت، رێكخراوی تیرۆریستی سەرهەڵدەدەن. ئەوەبوو یەك لەدوای یەك سەریان هەڵدا. سێ بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر كەی رێكخراوێك بەناوی داعش هەبوو؟ كەی بەرەوی نوسڕە هەبوو؟ دەزانین درێژكراوەكانی پەكەكە هەبوون. بەڵام یەپەگە لە ئارادا نەبوو. ئەمانە هەموو ئەو كێشانەن كە بەداخەوە بە كوشتنی گەلێك لەلایەن رژێمێكی زۆردارەوە دەستی پێ كرد. ئایا توركیا هۆكاری ئەمانەیە؟ توركیا بەرپرسیارە؟ نەخێر. بەڵام ئێمە هەمیشە بۆ چارەسەری ئەو كێشانە هەمیشە راستییەكانمان گوتووە و بەردەوامیش دەبین".
چاوشئۆغڵو رایگەیاند كە توركیا لە سەرەتاوە ستراتیجیەتێكی روونی پەیڕەوكردووە و گوتی: "پێویستە بەرەنگاری رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە سووریا و عێراق ببینەوە. پێویستە داعش و بەرەی نوسڕە لەناوببەین".
چاوشئۆغڵو هیوای خواست كە لە سووریا ئاگربەستی کاتی ببێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی و وەرچەرخانی سیاسیی رووبدات.
چاوشئۆغڵو گوتی: "ئێمە پشتگیریی لە یەكپارچەیی خاكی سووریا و عێراق دەكەین. سەقامگیریی هەردوو وڵاتی هاوسێمان دەوێت".
چاوشئۆغڵو سەبارەت بە سەردانەكەی بۆ ئێران لەگەڵ داودئۆغڵودا گوتی: "لەبەرئەوە نییە كە ناچار بووین یان پێویستمان بە ئێرانە، بەڵكو ئێمە وڵاتێكین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبەرژەوەندی ئێران دەنگمان داوە، لەكاتێكدا هەموو جیهان دژی ئێران دەوەستایەوە. وڵاتی ئێران برای ئێمەیە، بەڵام دەتوانین رەخنە لە سیاسەتە هەڵەكانی بگرین. رەخنە لە سیاسەتی هەڵەی ئەمریكا دەگرین. رەخنە لە سیاسەتی هەڵەی رووسیا دەگرین تا كۆتایی. دژی سیاسەتی مەزهەبگەرایی ئێرانیشین".
چاوشئۆغڵو رایگەیاند كە سەركۆماری ئێران حەسەن روحانی و وەزیری دەرەوەی ئیران محەمەد جەواد زەریف لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی توركیا دەكەن.