Aziz Aslan,Aydın Arik
13 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2023
دیاربەکر - AA
لە قەڵای زەرزەڤان لە قەزای چنار لە پارێزگای دیاربەکر، کە مێژووەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمادا وەک سەربازگە بەکارهێنراوە، چالاکی تەماشاکردنی ئاسمان سازکرا.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی زانایانی داهاتوو، کە لەلایەن باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە ئەنقەرە پشتیوانی کرا، چالاکییەکە لەو قەڵا مێژووییەدا سازکرا و گرنگییەکی زۆری پێدرا.
بەشداربووانی چالاکییەکە بە تێلیسکۆپ تەماشای ئەستێرە و هەسارە و تەنە ئاسمانییەکانیان کرد.
کونسوڵ سکۆت هۆڵت لە باڵیۆزخانەی ئوسترالیا لە ئەنقەرە، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، دڵخۆشی خۆی بە بەشداریکردن لە چالاکییەکەدا دەربڕی.
گوتیشی: ''مایەی شانازییە حکوومەتی ئوسترالیا پشتیوانی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە دەکات. کاتێکی خۆشمان لەگەڵ منداڵان بەسەردەبەین. زۆر دڵخۆشم کە لێرەم''.
سەرۆکی بەشی هەڵکەندن لە قەڵای زەرزەڤان، یاریدەدەری پڕۆفیسۆر دکتۆر ئایتاچ جۆشکون، ئاماژەی بەوە کرد کە قەڵاکە یەکێکە لەو شوێنانەی تورکیا کە باشترین شوێنە بۆ تەماشاکردنی ئاسمان.
جۆشکون باسی لەوە کرد کە رۆژانە وۆرکشۆپێکی زۆر لە قەڵاکەدا رێکدەخرێت و سەدان منداڵ لە قەڵاکەدا تەماشای ئاسمان دەکەن.
سەمرا کزڵکایا، کە یەکێکە لە بەشداربووانی چالاکییەکە، باسی لەوە کرد کاتێک بە چالاکییەکەیان زانیووە وەک گرووپێک لە هاوڕێیان بەشداریان تیادا کردووە.
گوتیشی: ''یەکەمجارە بەشداری لە چالاکی تەماشاکردنی ئاسمان دەکەم لە قەڵای زەرزەڤان. هەستێکی زۆر خۆشە کە شتە دوورەکان بەم شێوەیە لە نزیکەوە ببینیت. هەستم دەکرد لێرە لە کەشێکی ئەفسوناوییدام''.
باوەر چەتینەر-یش باسی لەوە کرد کە بینینی ئەستێرە و هەسارەکان لێرەوە جێگەی سەرسامیە.