ئەنقەرە
بە پێی راگەیەندراوێکی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی کۆمار، (عەبدوڵلا گول) لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق (ھۆشیار زێباری) و شاندی یاوەری، رایگەیاندووە: لە چوارچێوەی بەرفراوانترکردنی پەیوەندی نێوان تورکیا و عێراقدا کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق جێگای خۆشحاڵییە.
سەرکۆماری تورکیا (عەبدوڵڵا گول) گوتی" تورکیا گرنگییەکی زۆر بە یەکپارچەیی، ئارامی و ئاسایشی عێراق و پرۆسەی سیاسی ئەو وڵاتە دەدات، تورکیا بەبێ جیاوازی باوەشی بۆ ھەمووی پێکھاتەکانی عێراق کردۆەتەوە."
گول ئاماژەی بەوەشدا بۆ بەھێزترکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا، ھەر دوولا خاوەن ئیرادەی ھاوبەشن و گوتی " نەک تەنیا گەلانی عێراق، بەڵکو گەلانی تورکیاش لەبارەی زۆربوونی کریارە تیرۆریستییەکانی عێراق نیگەرانن."
سەرکۆماری تورکیا ھەروەھا گوتی" تورکیا لە پشتگیری کردنی پرۆسەی سیاسی عێراق و ھەوڵەکانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ رووبەروو بوونەوەی تیرۆر و بەرقەرار کردنی ئاسایشی و ئارامی لەو وڵاتە، بەردەوام دەبێ."
ھۆشیار زێباریش لە میانی کۆبوونەوەکەدا سڵاوی ھەریەک لە سەرۆکوەزیران، جێگری سەرکۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی گەیاندە سەرکۆماری تورکیا.
زێباری گوتی "تورکیا دۆستێکی عێراقە، بۆیە عێراق گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا دەدات و سەردانەکانی بەرپرسانی ھەر دوو وڵات دەبنە ھۆکاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کە بەو دواییە ئاڵۆزییان تێکەوتبوو."