Hemin Hüseyin
08 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2016
هەولێر - AA
پسپۆڕێکی ئابووریی پێی وایە خۆشبەختانە ئەمساڵ لەعێراقدا بوودجەی گشتیی بە شێوازێکی زۆر تەندروست رۆیشتووە و لەپێش کۆتایی ساڵ چووەتە پەرلەمان و دەنگی لەسەردراوە.
سەبارەت بە کێشە و گرفتە داراییەکان لەهەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی رێگاچارە بۆ دەبازبوون لەو قەیرانە ئابوورییە، پسپۆڕی ئابووریی دکتۆر سەباح خۆشناو لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "بۆ تێپەراندنی ئەو قەیرانە داراییە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر سێ خاڵ بکات؛ ئەوانیش چاکسازیی ریشەیی لەهەرێمی کوردستان و کەمکردنەوەی دامودەزگاکانی حکوومەت و فرۆشتنی نەوت بە نرخێکی گونجاو، بەداخەوە زۆرجار گوێمان لێدەبێت دەڵین حکوومەتی هەرێم بە نرخی 5 دۆلار کەمتر نەوت دەفرۆشرێت کە ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ئابووری هەرێمی کوردستان دەبێت".
ئەو پسپۆڕەی بواری ئابووری پێی وایە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە ئابوورییە هەرێم پێویستی بەچوار ساڵ هەیە تاوەکو بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و لەوبارەیەوە دەڵێت: "چاککردنی رەوشی ئابووری هەرێمی کوردستان پێویستی بە 4 ساڵی دیکە هەیە ئەگەر حکوومەتی هەرێم پلانی کورتخایەن و درێژخایەنی هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەیرانی دارایی".
دکتۆر سەباح خۆشناو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی پێش کۆتایی ئەمساڵ بوودجە چووەتە پەرلەمان و لە سەرەتای ساڵی داهاتووش کاری پێدەکرێت و گوتی: "لە زانستی دارایی گشتییدا هاتووە کە پێویستە لەکۆتایی هەموو ساڵێکدا بوودجەی ساڵی داهاتوو پەسەند بکرێت و ساڵی داهاتوو جێبەجێبکرێت، خۆشبەختانە ئەمساڵ لەعێراقدا بوودجەی گشتیی بە شێوازێکی زۆر تەندرووست رۆیشتووە و لەپێش کۆتایی ساڵ چووەتە پەرلەمان و دوای ئەوەش دوو مانگ لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت".
سەباح خۆشناو گوتیشی: "بوودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ نزیکەی 80 تریلیۆن دینارە کە دەکاتە نزیکەی 80 ملیار دۆلار کە ئەمەش بوودجەیەکی کەم نییە بەراورد بەساڵانی پێشوو، هەرچەندە لەساڵی 2013 ژمارەی پێوانەیی شکاند کە 170 ملیار دۆلار بوو ئەو کاتە نەوت لە نرخێکی بەرزدابوو کە گەیشتبووە 100 دۆلار بەڵام ئەو بوودجەیەی ئەمساڵیش ژمارەیەکی کەم نییە".
ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ئاماژە بەکورتهێنان و زیادهێنانی بوودجە دەکات و لەوبارەیەوە دەڵێت: "کاتێک کە نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە ئەوا زیادهێنان درووستدەبێت، ئەوەی ئێستا کاریگەریی دەرەکی لەسەرە ئەو کۆبوونەوەیەی وڵاتانی ئۆپیکە لەسەر نەوت کە هەناردەکردن قەبارەکەی کەمدەکرێتەوە بە بڕی 1 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە سەر ئاستی جیهان".
گوتیشی: "بەڵام خۆشبەختانە ئێستا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە بۆ 55 دۆلار و پێموابێت لەوەیاندا عێراق دەتوانێت قەرەبووی ئەو بڕە بکاتەوە کە کەمیدەکاتەوە لە هەناردەکردنی نەوت، پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە نرخی نەوت هێشتا بەرزبێتەوە بۆ 60 تا 70 دۆلار کە ئەمەش ئاماژەی گەشبینییە بۆ ئەو وڵاتانەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن".
سەبارەت بە رێککەوتننامەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، دکتۆر سەباح خۆشناو دەڵێت: "پلانی یەکەم ئەوەبوو کە پابەندبین بە رێککەوتنەکەوە، ئەگەر پابەندنەبوون روویدا، ئەوا دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشت بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان ببەستێت کە زۆرجار لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رەخنەی ئەوە دەگیرێت کە ئەو پاڵاوگانە یاسایی نین بەڵام ئەوە زەمینەیەکی دیفاکتۆیە و وڵاتان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و گرێبەستیشیان لەگەڵ هەرێم هەیە، بۆیە لەو حاڵەتەدا ئەو پاڵاوگە ناوخۆییانە دەتوانن بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەربکەن".
جێی ئاماژەیە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقدا کۆی ماددەکانی بوودجەی ساڵی 2017 پەسەندکرا و تێیدا پەرلەمان رازیبوو لەسەرپێدانی مۆڵەتی چوار ساڵ بە فەرمانبەران بە مووچەی تەواوەوە، پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە دوای سێ دانیشتنی پەرلەمان دێت بۆ دەنگدان لەسەر ماددەکانی کە بەھۆی ناکۆکی فراکسیۆنەکان سێ جار دواخرا.