Mazın Asad
11 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
پاڵێوراوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کابینەی حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ، رێکز تێلێرسۆن رایگەیاند: "لەبارەی پرسی سووریاوە پێویستە دووبارە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کار بکەین. تورکیا ھاوپەیمانێکی زۆر کۆنمانە لە ناتۆ".
تێلێرسۆن دوای ئەوەی لە لایەن ترەمپەوە بۆ وەزیری دەرەوەی کاندید کرا، وەڵامی پرسیارەکانی لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی لە کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە سیناتۆی ئەمریکا دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک کە "ئایا لە دوای شەڕی سووریا، سەرکردایەتی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کۆتایی پێھاتووە؟" تێلێرسۆن رایگەیاند "بۆ ئەوەی ئەمریکا دووبارە لە ناوچەکە ببێتە خاوەن دەسەڵات، پێویستە دووبارە لەگەڵ ھاوپەیمان و دۆستانی کار بکات".
ئەو پاڵێوراوەی ترەمپ بۆ وەزیری دەرەوە گوتیشی: "ھەنگاوی یەکەممان پێویستە دووبارە کارکردن بێت لەگەڵ ھاوپەیمانان و دۆستانمان بەشێوەیەکی نەریتی. پێویستە دووبارە باسی پیلانەکانمان بکەین بۆ ئەوەی بزانن دووبارە بۆ گۆڕەپانەکە گەڕاینەتەوە. لە خاڵی ئێستادا ناتوانین ھیچ شتێکی ئەنجام بدەین".
تێلێرسۆن ئاماژەی بەوەش دا کە سیاسەتەکانی تورکیا، رووسیا و ئێران رۆڵێکی گرنگیان لە سووریا ھەیە و زیاتر گوتیشی: "لەبارەی پرسی سووریاوە پێویستە دووبارە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کار بکەین. تورکیا ھاوپەیمانێکی زۆر کۆنمانە لە ناتۆ. بەھۆی کەموکوری ئەمریکاوە ناوچەکە ئاڵۆزی تێدەکەوت و پاشان رووی لە رووسیا کرد. رووسیا ھاوپەیمانێکی ھەمیشەیی نییە. پێویستە بە روونی ئەوە نیشان بدەین کە رووسیا ھاوپەیمانێکی ھەمیشەیی نییە. ھاوپەیمانی تورکیا ئەمریکایە".
تێلێرسۆن روونیشی کردەوە کە ھەنگاوی دووەمیان لە ناوچەکە بەرەنگاربوونەوەیە دژی داعش لە سووریا و راشیگەیاند پێویستە بەشار ئەسەد لە دەسەڵات نەمێنێتەوە.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی: "پێویستە بڕیار بدەین کە دوای ئەسەد چی روودەدات".