عەنتەب
مامۆستای زانکۆی عەنتەب پرۆفسۆر دکتور سەلاحەدین بەکمەز رایگەیاند راکێشانی بۆری نەوت لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی داھات لە تورکیا.
دکتور سەلاحەدین بەکمەز بۆ AA گوتی: "پرۆژەی راکێشانی بۆری نەوت لە ھەولێرەوە بۆ تورکیا، لەبەرئەوەی یەکەم پرۆژەی ھەناردەکردنی نەوتە بۆیە گرنگییەکی تایبەتی ھەیە. سەرەتا بڕیارە رۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل و دواتریش یەک ملیۆن بەرمیل ھەناردە بکرێ. بڕیارە دوای ساڵی ٢٠١٥ ھاوکات لەگەڵ نەوتدا غازی سروشتیش ھەناردە بکرێ. ھەر چەند بڕێک کێشە و گرفتیش لەو بوارەدا ھەیە، بەڵام زۆربەیان تکنیکین و ناتوانن ببنە ھۆی راگرتنی ئەو پرۆژەیە."
بەکمەز لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لێدوانەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای لە بارەی ئەو پرۆژەیەوە کرد و گوتی: "ترسی ئەمریکا لەو پرۆژەیە چۆنیەتی کۆکردنەوەی داھاتی نەوت و دابەشکردنیەتی، چونکە ئەمریکا دەیەوێ داھاتەکە لە ژێر دەستی خۆیدا بێ و بەخۆی دابەشی بکا. پرۆژەی تورکیا ئەوەیە کە داھاتی ئەو نەوتە لە بانکێکی تورکیدا کۆبکرێتەوە و لە لایەن تورکیاوە دابەش بکرێ، بەڵام ئەمریکا دەیەوێ ئەو داھاتە لە رێگەی بۆرسەی نیویۆرکەوە کۆبکرێتەوە و ھەر لەلایەن ئەو بۆرسەیەوە دابەش بکرێ. بۆیە ناکرێ چاوەڕێ ئەوە بکەین کە ئەمریکا بە گەرمی پێشوازی لەو پرۆژەیە بکا."
سەلاحەدین بەکمەز لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا ١٠ ملیار دۆلار داھاتی غازی سروشتی دێتە سەر ئەو ١٦ ملیار دۆلارەی کە لە رێگای ھەناردەکردنی نەوتەوە بەدەست دەھێنرێ، بۆیە راپەڕاندنی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە لە رێکای تورکیاوە سوودێکی زۆری بۆ تورکیا دەبێ. ئەو نەوت و غازە زیادەی کە لە تورکیا دەمێنێتەوە، لە لایەن تورکیاوە ھەناردە دەکرێ و مافی خۆی وەردەگرێ. لە لایەکی دیکە ھەر بە ھۆی ھەناردەکردنی ئەو نەوت و غازەوە تورکیا دەبێتە خاوەن رۆل و پێگەیەکی ستراتژیکی لە ناوچەکەدا. دوای دەستبەکاربوونی ئەو پرۆژەیە بێگومان نرخی وزە بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزین بە خۆیەوە دەبینێ.