ئەنقەرە
پارێزەرانی ئۆجالان داوایەکیان پێشکەشی شوعبەی ١١ی دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە کردبوو بۆ " سەرلەنوێ دادگاییکردنەوە و دواخستنی جێبەجێکردنی سزای ئۆجالان" بەڵام داواکەیان لەلایەن ئەو دادگایە رەتکراوەتەوە.
پارێزەرانی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەڕێی نووسراوێکەوە بۆ سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی ئۆجالان بەگوێرەی مادەی ٣١٢ی یاسای دادگاییکردنی سزاقورسەکان، ھەروەھا دواخستنی جێبەجێکردن یان راگرتنی سزاکە، داواکارییان ئاراستەی شوعبەی ١١ ی دادگای تاوانە قورسەکانی ئەنقەرە کردبوو، بەڵام دادگا بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن داواکەیان رەتکردەوە.
پارێزەرانی ئۆجالان، داواکارییەکەیان بەپاڵپشتی مادەی ٢١ی یاسای ٦٤٥٩ی بەرز کردووەتەوە. لە داواکارییەکەدا ھاتووە "لەسەر بنەمای پێشێلکردنی بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا، بڕیاری سزادانی ئۆجالان دراوە. بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش سەلمێنەری ئەمەیە، بۆیە سەر لەنوێ داوای دادگاییکردنەوەی ئۆجالان قبوڵ بکرێ یان سزاکە دوابخرێ یان راگیرێ".