Andaç Hongur
23 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2021
ئیستانبوڵ- AA
٨٥مین پاتریارکی ئەرمەنییەکانی تورکیا، ساهاک ماشالیان دەربارەی رووداوەکانی ساڵی ١٩١٥ لێدوانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دا و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە تورکیا و ئەرمینیا وەک دوو وڵاتی دراوسێ چارەنووسیان ئەوەیە کە بەیەکەوە بژین و رایگەیاند: "پێمانوایە کە بە ویستی خودا پەیوەندییەکی برایانە و خۆشەویستانەی زۆر بەهێزتر لە نێوان گەلی تورک و ئەرمەن دروستدەبێت. ئێمە بەئومێدەوە چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە کلتووری دراوسێیەتی نێوان گەلی هەردوو وڵات لەسەر ئاستی بەرپرسانی تورکیا و ئەرمینیا زیندووببێتەوە".
- پڕۆژەی دروستکردنی حەوزەیەکی شەش وڵاتی
ساهاک ماشالیان، ستایشی رۆڵی ئەردۆغان-ی کرد و گوتی: "بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان چ لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی و چ لە سەردەمی سەرکۆماریدا تەنها بەرپرس بوو کە لە مێژووی کۆماری تورکیا پەیامی دەربارەی ئەم پرسە بڵاوکردەوە. لە پەیامەکانیدا رۆحی هاوسۆزی و رێزگرتن لە یادی ئەو هاووڵاتییانەمان کە لە کاتی راگواستندا گیانیان لەدەستدابوو بە ئاشکرا دەبیندرا. بەڕای ئێمە ئەم پەیامانە دەتوانن زەمینەسازی بۆ لێکنزیکبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات بکەن لە ئایندەدا. خۆزگە خۆی ئەو کۆمسیۆنە مێژووییەی دابمەزراندایە کە پێشنیازی کردبوو. بریا پڕۆتۆکۆڵەکانی رێککەوتنی نێوان تورکیا- ئەرمینیا بخرانایەتە بواری جێبەجێکردن و سنوورەکان بکرانایەتەوە. ئێستاش درەنگ نەبووە، ئەو پڕۆژەیەی جەنابی سەرکۆمار بۆ دروستکردنی 'حەوزەیەکی شەش وڵاتی' لە ناوچەی قەفقاس پێشنیازی کردبوو دەتوانێت ١٠٠ ساڵ ئاشتی بۆ گەلانی ناوچەکە بهێنێت".
پاتریارکی ئەرمەنییەکانی تورکیا، داوای لە لایەنەکان کرد رێز لە شکۆی نیشتیمانی یەکتر بگرن و دوور بکەونەوە لە هەر دەستەواژەیەکی شکێنەر، گوتیشی: "بەکارهێنانی ئازاری گەلەکەمان و یادگاری پیرۆزی باپیرانمان بۆ مەرامی سیاسی لەلایەن هەندێک وڵاتەوە، ئێمەی نیگەران کردووە. ئەو گرژییانەی کردنە رۆژەڤی ئەم بابەتە لە پەرلەمانی وڵاتان، ماوەی دەیان ساڵە دروستی کردووە، هیچ خزمەتێکیان بە لێکنزیکبوونەوەی نێوان گەلی تورک و ئەرمەن نەکردووە، بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە لەڕێی هاندانی هەستی رق و توڕەیی، تەنها رێگاخۆشکەربوون بۆ دواخستنی ئاشتی".