Barış Gündoğan,1 23
02 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2018
ئەنقەرە - AA
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاند لە میانی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون کە بۆ سەر ئامانجەکانی تیرۆریستان لە دەڤەری عەفرین باکووری رۆژئاوای سووریا دەستی پێکردووە تاکو ئێستا بەلانیکەمەوە، ٨٢٣ تیرۆریست کوژراون.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بە بیری هێناوەتەوە کە کاتژمێر ١٧:٠٠ رۆژی٢٠ی کانوونی دووەم ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و سنوورەکان، ھاوکات بۆ بێکاریگەرکردنی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە و رزگارکردنی خەڵکی دۆست و برای ئەو ناوچەیە لەدەست زوڵم و ستەمی ئەوان، لە لایەن سوپای تورکیا دەستی پێکردووە ئۆپەراسیۆنەکەش بەو جۆرەی پلانی بۆ دانراوە بەردەوامە.
ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر رۆشنایی ئەو مافانەی کە تورکیا لە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرن و لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە مافی بەرگری رەوای خۆپاراستن و بە لەبەرچاوگرتنی یەکپارچەیی خاکی سووریا، ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە لە میانی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون کە بۆ سەر ئامانجەکانی تیرۆریستان لە ناوچەی عەفرین باکووری رۆژئاوای سووریا دەستی پێکردووە تەنها بنکە و بارەگا و کۆگای چەک و تەقەمەنی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/پەیەدە و داعش، دەکرێنە ئامانج و هەموو هەستیارییەک دەگیرێتە بەر بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی سڤیل نەبنە قوربانی.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیادا هاتووە "لە میانی ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون بۆ سەر سەنگەر و بنکە و بارەگا و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا شەش ئامانجیان خاپوور کران و ١٢ تیرۆریست کوژران و دواتر فڕۆکە جەنگییەکان بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بنکەکانیان. بەمجۆرە ژمارەی چەکدارە کوژراوەکانی پەکەکە/کەجەکە/پەیەدە-یەپەگە و داعش لە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە تاکو ئێستا گەیشتە ٨٢٣ کەس".