Abdulkadir Günyol
22 تەمووز 2025•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2025
ئیستانبوڵ - AA
١٧هەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازی بەرگریی (IDEF 2025) دەستی پێکرد.
پێشانگاکە بە میوانداری وەزارەتی بەرگری تورکیا و، بە پشتیوانی سەرۆکایەتی پیشەسازییەکانی بەرگریی و لەلایەن دامەزراوەی بەهێزکردنی سوپای تورکیا و ڕێکخراوی KFA Fair Organization Inc لە ناوەندی پێشانگای ئیستانبوڵ (IFM) بەڕێوەدەچێت.

لە چالاکییەکەی ئەمساڵدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵو هاوبەشی ڕاگەیاندنی جیهانییە، وەزیرانی ٣٣ وڵات و زیاتر لە ١٢٠ سەرۆکی شاند وەک جێگری وەزیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەرماندەی هێزەکان بەشداری دەکەن.
بەشداربووانی پێشانگاکە لە ٤٤ وڵاتەوە ستاندیان هەیە و، زیاتر لە ٤٠٠ کۆمپانیای نێودەوڵەتیش بەرهەمەکانیان نمایش دەکەن.

لە چوارچێوەی پێشانگاکەدا، لە بەشی ئۆتۆمبێلە زەمینییەکاندا تانکی سەرەکی جەنگی، ئۆتۆمبێلی جەنگی زرێپۆش، سیستمەکانی جەنگی ئەلکترۆنی، مووشەک و مووشەکی ئاڕاستەکراو، مووشەکی بالیستی تاکتیکی، مووشەکی بەرگری ئاسمانیی و ئۆتۆمبێلی بێ سەرنشینەکان (İKA) نمایش دەکرێن.
لە بەشی فڕۆکەوانییدا بەرهەمەکانی وەک پلاتفۆرمەکانی باڵی جێگیر، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانیی، تەکنەلۆجیای جەنگی ئەلکترۆنی، مانگە دەستکردەکان، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و بزوێنەرەکانی فڕۆکە دەبینرێن.

لە بەشی دەریاوانییدا کەشتییەکانی جەنگی و پشتیوانی، پلاتفۆرمەکانی باڵ جێگیر و سووڕاو، کەشتیە بێ سەرنشینەکانی سەر ئاو و ژێر ئاو (İSA) و سیستمەکانی فەرماندەیی، کۆنترۆڵ و پەیوەندیکردن نمایش دەکرێن. هەروەها لە پێشانگاکەدا تەکنەلۆجیاکانی بواری ئاسایش و لۆجستی نمایش دەکرێت

پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازی بەرگریی "IDEF 2025" جگە لە ناوەندی پێشانگای ئیستانبوڵ، لە چوار شوێنی جیاواز میوانداری چالاکییەکان دەکات کە بریتین لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، مارینای ئەتاکۆی و ناوەندی کۆنگرەی WOW و، لە دوو ڕۆژی کۆتاییشدا IDEF 2025 بەڕووی خەڵکیدا کراوە دەبێت.
پێشانگاکە لە ٢٧ی تەممووزدا کۆتایی دێت.