Buğrahan Ayhan
21 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2024
ئەنقەرە - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا بڵاویکردەوە، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغان-٩دا کە لە ئیزمیر بەڕێوەچوو، ١١ کەس بە تۆمەتی قاچاخچییەتی بە کۆچبەران و هەروەها ٩٢ کۆچبەری نایاساییش دەستگیر کران.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کرد ئۆپەراسیۆنێکیان بە هەماهەنگی هەموو هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە ئیزمیر بەڕێوە بردووە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ١١ کەس بە تۆمەتی قاچاخچییەتی بە کۆچبەران و هەروەها ٩٢ کۆچبەری نایاساییش دەستگیر کران و لە پاڵ ئەوانیشدا ڕێکاری یاسایی دژ بەو خاوەن ماڵانە گیراونەتە بەر کە ماڵەکانیان بە کرێ داوە و بووەتە شوێنی حەواندنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان.
عەلی یەرلیکایا وێڕای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەکە، پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە.