ئافیۆن
دەریاچەی ئاکشەھیر لە شاری کۆنیا- باشووری رۆژئاوای تورکیا، دوای ئەوەی سەردەمێکی زۆر خەڵک بە کەشتی و پاپۆڕەوە ھاتووچۆیان بەسەردا دەکرد، لەم دواییەدا بەرەو وشکبوون دەچێ.
نزیکەی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر، پێوانەی دەریاچەی ئاکشەھیر بە ١٢ مەتر قوڵ و ٣٥٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە تۆمارکراوە، کەچی ئێستا ئاستی ئاوەکەی بە تەواوی دابەزیوەو روو لەوشکبوونەو بە پێ رێبواران دەتوانن پێدا ھاتوچۆ بکەن.
یەکێ لە ماسیگرانی دەریاچەکە مستەفا قورتە گوتی " تا ئەوکاتەیش کە قووڵایی ئەم دەریاچەیە ھەشت مەتر بوو، ماسییەکی زۆری تێدابوو. ھۆکاری سەرەکیی وشکبوونی دەریاچەی ئاکشەھیر دەگەڕێنمەوە بۆ بەرگرتن لەو کانیاوانەی دەڕژانە دەریاچەکەوە. کەس خۆی نەکردە خاوەنی ئاکشەھیر."
چەندین خێزان لەسەر ماسیگری و قامیشەکانی ئەم دەریاچەیە بژێوی ژیانیان دابین دەکرد. بەڵام دوای وشکبوونی دەریاچەکە ناچاربوون رووبکەنە شوێنی دیکەو لەبواری جیاوازدا کاربکەن.
قورت بەمشێوەیە ئاماژەی بە نەمانی ژیان لە ئاکشەھیر کرد "جاران ژمارەیەکی یەکجار زۆر باڵندە لە دەوروبەری دەریاچەکە دەبینران، کەچی ئێستا جریوەی تاقە باڵندەیەکیش نابیسترێ، ماوەیەکی زۆر باڵندەکان لەوەڕگای سەر دەریاچەکە بە ئاو تێدەگەیشتن و بەتیژی دەنیشتنەوە بۆ ئاوخواردنەوە، پاش ماوەیەک ئەوانیش تێگەیشتن لە ئاوو ئاوەدانییەکەی ئێرە کۆتایی پێھاتووە".
لەلایەکی دیکە بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەو پارکەکانی ئافیۆن قەرەحیسار رایگەیاندووە بۆ شادکردنەوەی ئاکشەھیر بە ئاوەدانییەکەی جارانی، پرۆژەی گەورەیان ھەیەو خەریکی جێبەجێکردنی دەبن.
یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی دەریاچەی ئاکشەھیر قسە نەستەقەکەی مەلا مەشھوورەیە.
دەگێڕنەوە رۆژێک لەرۆژان مەلا نەسرەددین"مەلا مەشھوورە" بە سەتڵێ ماستەوە لەسەر دەریاچەی ئاکشەھیر وەستاوەو ھێواش ھێواش ماستەکەی رۆکردۆتە دەریاچەکە. خەڵک زۆر پێیان سەیردەبێ و لێی دەپرسن: مامۆستا ئەوە چی دەکەی؟
مەلا نەسرەین دەڵێ: دەمەوێ ئاکشەھیر ھەوێن بکەم!
ئەوانیش بەسەرسامییەوە دەڵێن: ئاخر مامۆستا چۆن بە سەتڵێک دەریاچەیەک ھەوێن دەبێ؟
مەلا نەسرەدینیش دەڵێ: ئێوە تاقیتانکردۆتەوە؟
خەڵکەکە: نەخێر
مەلا نەسرەدین: دەی کەوایە ناتوانن ئەوەندە دڵنیابن، بەڵکو ھەوێن بێ؟!