ئەنقەرە
کۆمیسیۆنی ھەڵسەنگاندنی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد کە لە لایەن پەرلەمانی تورکیاوە دامەزراوە، ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی کانوونی یەکەم، لە شاری ئەنقەرە راپۆرتی خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
سەرۆکی ئەو کۆمیسیۆنە ناجی بۆستانجی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا گوتی:" ئێمە وەکو کۆمیسیۆن راپۆرتی خۆمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، زۆر سوپاسی ئەو پەرلەمانتارانەی بەدەپە و ئاکپارتی دەکەم کە بۆ ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە ھەوڵ و کۆشش زۆریاندا."
بۆستانجی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کارەکانی کۆمیسیۆنی کرد و گوتی:"لە کاتی ئامادەکردنی ئەو راپۆرتەدا بە چاوی خۆمان بینیمان ئەو خەڵکە لە ماوەی ٣٠ی ساڵی رابردوودا چ رەنج و زەحمەتییان کێشاوە. لە ماوەی کار و چالاکییەکانی کۆمیسیۆندا سەردانی چەندین ناوچەی ئانادۆڵمان کرد و لەگەڵ ئەو کەسانەی لە رابردوو روو بەڕووی زەرەر بوونەتەوە چاوپێکەوتنمان ساز کرد، خەڵک بۆ خۆی چیرۆکە خەمبارەکانی بۆ ئێمە گێڕایەوە، کاتێ دەرگاکانی تورکیا بکرێنەوە چەندین دایک کە منداڵەکانیان لە دەستداوە بە ھیوایەکی گەش سەیری داھاتوو دەکەن. ھەر چەند دەزانن کە منداڵەکانیان ناگەڕێنەوە بەڵام داواکارییان ئەوەیە دەرگاکان بکرێنەوە و منداڵان بگەڕێنەوە ماڵەوە و چی دیکە ئاگر لە ھیچ ماڵێک نەکەوێ."
بۆستانجی ئاماژەی بەوە کرد ئیرادەی رای گشتی و بە تایبەتی ئیرادەی ئەو کەسانەی لە رابردوو زیانیان پێکەوت لە پشت قۆناغی چارەسەرییەوەیە.
زیاتر گوتی "تورکیا گۆڕاوە، کۆتایی بە دەسەڵاتی بیرۆکراتی ھاتووە و ئیرادەیەکی دیموکراتیخواز لە مەیدانە، دەبێ دەوڵەت و گەل یەکتر بناسن، ئێستا باس لە دەوڵەتی گەل دەکرێ ئەوە باسێکی راست و بە جێیە، دەوڵەت ناتوانێ بە ھیچ شێوەیەک لە سەرەوەی گەلەوە بێ، چونکە گەل لە سەرەوەی دەوڵەتە. من وەکو ئەندامێکی ئاکپارتی باسی ئەو شتانە ناکەم بەڵکو وەک کەسێک کە ١٠ ساڵە نوێنەرایەتی خەڵک دەکەم باسی ئەو شتانە دەکەم."
ناجی بۆستانجی رایگەیاند: کۆمیسیۆن ناتوانێ ھەموو کێشەکان چارەسەر بکا، کۆمیسیۆن لە چوارچێوەی یاسادا کاری خۆی ئەنجامداوە، لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمیسیۆندا گفتوگۆیەکی زۆر توند لە سەر کاری کۆمیسیۆن کرا بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، کار و چالاکییەکانی کۆمیسیۆن بۆ ھەموو کەسێ ئاشکرا بوو.
ناجی بۆستانجی ئاماژەی بەوە کرد کۆمیسیۆن لە میانی کارکردنیدا بە گشتی ٢٤ کۆبوونەوەی جیاجیای ساز کردووە، لەگەڵ ١٣ ئاکادیمی، ١٣ نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، ١٠ زیان پێکەوتوو، پێنج نووسەر و میدیاکار چاوپێکەتنیان ساز کردووە. لە زۆربەی ناوچەکانیشدا گوێیان بۆ ئەو کەسانە راگرتووە دەیانەویست راوبۆچوونی خۆیان ئاراستەی کۆمیسیۆنی چارەسەری بکەن.
راپۆرتی کۆمیسیۆن لە ١١ بەش پێکھاتووە و زۆر بە بەرفراوانی باسی پرسی کورد و مێژووی ئەو پرسە و ھەروەھا نموونە جیھانییەکانی ئەو پرسە کراوە، سەرەڕای ئەوە راپۆرتەکە بێ کەموکورتی نییە. بۆستانجی گوتی:" ئەو پرسە یا پرسەکانی تورکیا ھەموویان بە یەکجار چارەسەر ناکرێن بەڵکو پێویستیمان بە کات ھەیە و ھەنگاو بە ھەنگاو دەبێ ئەو پرسانە چارەسەر بکەین. ئێمە لە سەرەتای کاری خۆماندا لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانمان لە سەر کاری کۆمیسیۆنەکانی حەقیقەت و عەدالەت لە سەرانسەری جیھان کرد، دواتر بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئەو کۆمیسیۆنانە دەستمان بە کاری ئامادە کردنی راپۆرت کرد و راپۆرتەکەمان لە ٤٥٠ لاپەڕە پێکھاتووە و لە ماوەی چوارماندا ئامادە کرا و چەندین پێناسە و بیروبۆچوونی گرنگی لە بارەی پرسەکەوە تێیادایە."
بۆستانجی وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە دەڵێن لە راپۆرتەکەدا ناو لەو پرسە نەنراوە و گوتی" خەڵکە لاتینییەکان گوتەیەکی پێشینیانیان ھەیە و دەڵێن ناو نان و ناساندن مەترسیدارە، بۆیە ئێمەیش دەڵێن چۆنە دەتانەوێ ناوی لێ بنین، سەربەستن، ئەوانەی کە ئەو رەخنانە ئاراستە دەکەن ئەوانەن کە دەڵێن دەبێ ناوی پرسی کوردی لێ بکرێ، بەڵام ھەر لە نێو ئەو کەسانەدا گروپێکی دیکە ھەن کە لە بەرامبەر ئەو ناوەدا ناڕازین و دەڵێن پرسی کوردە یا پرسی کوردەکانە؟."