واشنتۆن
کەمال کلچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری -جەھەپە، بۆ یەکەمین جار دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی پارتەکەی سەردانی ئەمریکی کردو لەوێ بەشداریی کرد لە کردنەوەی نوێنەرایەتیی جەھەپە لە ئەمریکا.
کلچدارئۆغڵو لە بارەی کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی جەھەپە لە واشنتۆن گوتی:" لە قۆناغی داھاتوو دەبینن لە ئەمریکا دەبینە جەھەپەیەکی بەھێزتر.لە داھاتوو کار بۆ ئەوە دەکەین زیاتر بێینە ئەمریکا. لەوانەیە من بەخۆم نەیەم، بەڵام ھاوڕێیان زیاتر سەردانی ئەمریکا دەکەن. دۆستەکانی تورک لە ئەمریکا زۆر پرسیاریان لێکردین ھەوڵماندا وەڵامیان بدەینەوە، تێدەگەم ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ بە شێوەیەکی پێویست خۆمان نەناساندووە، لە داھاتوو ھاوڕێیانمان زیاتر دێنە ئێرەو وەڵامی پرسیار و چاوەڕوانییەکانتان دەدەنەوە."
کلچدارئۆغڵو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە، ئاماژەی بەوەدا ھەوڵیداوە لە دیدارەکانی لەگەڵ ئەمریکییەکان سیاسەتی ئابووریی و دەرەوەی پارتەکەی بگەیەنێ پێیان. زیاتر گوتی: "سیاسەتی خۆمان دەخەینەڕوو. پێیان دەڵێین ئەو سیاسەتەی ئێمە لە بەشێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان پەیڕەو دەکرێ، ئێمە بەتایبەتی دەربارەی سوریا، عێراق و میسر ھەوڵی سیاسەتێکی دیکە دەدەین. کاردەکەین بۆ ئەوەی لە ناوچەکەمان شەڕ نەقەومێ. دەخوازین زیاتر مافی تاک و ئازادیی بەرفراوان بێ. پێویستە دیموکراسی بەرقەرار ببێ، پێویستیشە ئەوانەی داوای ئازادی دەکەن روو بەڕووی توندوتیژیی نەبنەوە. ئەوان ھیوای ئێمەنە، بێگومان باسیان دەکەین."
سەرۆکی جەھەپە لەبارەی پرسیاری پەیوەندیی تورکیا – ئەمریکا چۆن دەبینی؟ گوتی: "ئەمڕۆ بێ متمانەیی لەنێوان تورکیا – ئەمریکا باڵادەستە. پێموایە لە داھاتوویەکی نزیکدا ئەو بێ متمانەیە دەڕەوێتەوە."
یوتەر ئۆزجان، نوێنەری جەھەپە لە ئەمریکا گوتی: "ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی سەردانی کلچدارئۆغڵو بۆ ئەمریکا دەکەین. بەڵام ھەندێک درەنگکەوت. دەزانن دوای ٣٧ ساڵ یەکەمینجارە سەرۆکی گشتی جەھەپەدێتە ئەمریکا. خۆشحاڵین بەو سەردانە. جەھەپە بە نیازە لە ویلایەتەکانی کالیفۆڕنیا، نیویۆڕک، تەکساس کاری حزبی خۆمان پەرە پێدەدەین و ھەوڵی دروستکردنی رێکخستنێک دەدەین."