Filiz Kınık,Gökhan Yılmaz,Rewa Mahmood Hasan
03 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2019
ئیستانبوڵ - AA
کاندیدی ئاکپارتی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی گەورەی ئیستانبوڵ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لەبەردەم بارەگای ئاکپارتی لە ئیستانبوڵ باسی لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار و پرۆسەی دوای ئەو هەڵبژاردنە کرد.
یڵدرم ئاماژەی بەوەدا جگە لە رووداوە دڵتەزێنەکەی مالاتیا لە تەواوی وڵاتدا بەشێوەیەکی تەواو هەڵبژاردنەکان بەڕێوەچوون و گوتی، "هەڵبژاردن ئەنجام درا بەڵام قسە کردن لەسەری بەردەوامی هەیە. ئەمەش شتێکی سروشتیە. چونکە ماددەکانی ٦٧ و ٧٩ی دەستوورمان رێگەی بەوەداوە و بەروونی دەڵێت، هەڵبژاردن لە ژێر ئیدارە و چاودێری دادگادا ئەنجام دەدرێت. لە کاتی دەستپێکی هەڵبژاردنەوە تا کۆتایی، واتە رۆژی هەڵبژاردن، ئەنجامدان و رێکخستنی رێکاری دەنگدان تەواو ئەرکی دەزگای باڵای هەڵبژاردنە. دوای تەواو بوونی هەڵبژاردن هەموو گەندەڵیەک، تانە و سکاڵا و لێکۆڵینەوەیەک، هاوکات بڕیار دان لەسەری، ئەرکی دەزگای باڵای هەڵبژاردنە. زۆر ڕوونە. واتە هەڵبژاردن تەواو بووە، رەخنە، تانە بەردەوام دەبێت".
ناوبراو ئاشکرای کرد "هاوشێوەی شوێنەکانی تر لە ئیستانبوڵیش تانە دراوە و پرۆسەکە بەردەوامی هەیە هەربۆیە خاوەندی هەڵبژاردن دەزگای باڵای هەڵبژاردنە. ئیتر خاوەنی هەڵبژاردن نە بەرێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵوە نە بینالی یڵدرم.خاوەنی هەڵبژاردن و بڕیارەکەی لەدەستی دەزگای باڵای هەڵبژاردندایە. بۆیە دەبێت بەرێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ئەم راستیە ببینێت، قبوڵیشی بکات. من یەکەم رۆژ بە روون و ئاشکرا گوتم. مۆری شارەوانی درایە دەست هەرکەس، ئەوە سەرۆکە. خەڵکی ئیستانبوڵ بڕیاری داوە و ئەو بڕیارەش لەلایەن دەزگای باڵای هەڵبژاردنەوە ئاشکرا دەکرێت. پێش ئاشکرا کردنی ئەو بڕیارە، هەتا پرۆسەی تانە نەکرێتە بڕیار، مامەڵەی نابەرپرسانە، زیان دەگەیەنێت بە کۆمەڵگەو گرژی تێدەخات، زیان بەمیللەت دەگەیەنێت. پێش هەموو شت زیان بە کاندیدەکە خۆی دەگەیەنێت".
بینالی یڵدرم داوای لە هەموو لایەک کرد کەدەستبەرداری ئەو پەیامانەبن کە ئاماژە بە جوڵاندنی شەقام دەکات و گوتی، "ئەوانەی شارێکی وەک ئیستانبوڵ بەڕێوەدەبەن دەبێت زیاتر پێگەیشتووبن، زیاتر مامەڵەی بەرپرسیارانە بکەن. ئەوەنەی دەیبینم دۆخێکی نائارامی هەیە.دەڵێت 'هەرچی زووە مۆری شارەوانییەکەم بەنێت، پرۆسەی یاسایی چیە گیانە، ئەوەتا هەڵبژێردراین'. یەکێک نەزانێ دوو هێندەی من دەنگی هێناوە. بەتوندی ئیدانەی ئەمە دەکەم".
لەدرێژەی قسەکانیدا یڵدرم گوتی، "بەروونی دەڵێم. ئێوە مافی ئەوەتان نیە یاری بە دەماری ئەو میللەتە بکەن. دەکرێت ئەم میللەتە جیاواز بیربکاتەوە و لەسیاسەتی ناوخۆدا ببنە رکابەری یەکتر، بەڵام لەبەرامبەر ئەوانەی لەسەر وڵاتمانەوە خوازیارن کەشوهەوایەکی هاوشێوەی ڤێنیزوێلا دروست بکەن، هەموو لایەک بێ گوێدانە ناکۆکی و جیاوازیەکانمان دەبینە یەک مستەکۆڵە. وازبینن لە خەیاڵی وێناکردنی ئەوەی کەگوایا شەقام دەجوڵێنن. رێز لە یاسا بگرن و بە ئارامیەوە بەڕێز بن و چاوەڕێیی کۆتایی هاتنی دۆخەکە بکەن".